کاتێک ئێوارە داهات قوتابییەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە، سواری بەلەمێک بوون و بە دەریاچەدا بۆ کەفەرناحوم کەوتنەڕێ. تاریک داهات و عیسا هەر نەگەیشتە لایان. ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە هەڵچوو. کە نزیکەی بیست و پێنج تاکو سی تیرهاوێژ سەوڵیان لێدابوو، عیسایان بینی بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات و لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە، جا ترسان. بەڵام پێی فەرموون: «ئەوە منم، مەترسن!» کە ڕازی بوون سواری بەلەمەکەی بکەن، دەستبەجێ بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون. بۆ بەیانی، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو، عیساش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون. ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری تەبەرییەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد کە عیسای خاوەن شکۆ سوپاسی خودای کرد. کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، بۆ ئەوەی بەدوای عیسادا بگەڕێن. کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.» لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.» ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟ باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان خوارد، وەک نووسراوە: ﴿لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.﴾» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ، چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.» لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.» عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن. هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم. من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ ئەوەی خواستی خۆم ئەنجام بدەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. ئەمەش خواستی ئەوەیە کە منی ناردووە، هیچ کەسێک لەوانە لەدەست نەدەم کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا زیندوویان دەکەمەوە. خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.» جولەکەش دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.» گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟» عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن. کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: ﴿هەموو لە خوداوە فێر دەبن.﴾ جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.» جولەکەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو و دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟» لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر جەستەی کوڕی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە ناختاندا نابێت. ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە، چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە. ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە. وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت. ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.» عیسا ئەمانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لە کەنیشتی کەفەرناحومدا خەریکی فێرکردنی خەڵک بوو. کاتێک زۆرێک لە قوتابییەکان گوێیان لەو فەرمایشتەی عیسا بوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟» عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ساتمەکردنتان؟ ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟! ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن. بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناهێنن.» عیسا هەر لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات. ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.» لەو کاتە بەولاوە زۆرێک لە قوتابییەکانی پشتیان تێکرد و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان. لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدە قوتابییەکەی فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟» شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە. ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.» عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ بەڵام یەکێک لە ئێوە ئیبلیسە!» ئەو باسی یەهوزای شیمۆنی ئەسخەریوتی دەکرد، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، بەڵام بەتەمابوو بە گرتنی بدات.
یۆحەنا 6 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 6
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 16:6-71
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان