لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 56:6-69

یۆحەنا 56:6-69 KSS

ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە. وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت. ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.» عیسا ئەمانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لە کەنیشتی کەفەرناحومدا خەریکی فێرکردنی خەڵک بوو. کاتێک زۆرێک لە قوتابییەکان گوێیان لەو فەرمایشتەی عیسا بوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟» عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ساتمەکردنتان؟ ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟! ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن. بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناهێنن.» عیسا هەر لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات. ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.» لەو کاتە بەولاوە زۆرێک لە قوتابییەکانی پشتیان تێکرد و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان. لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدە قوتابییەکەی فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟» شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە. ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان