لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یونس 1:1-12

یونس 1:1-12 KSS

فەرمایشتی یەزدان بۆ یونسی کوڕی ئەمیتەی هات، پێی فەرموو: «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا و بانگەوازی دژایەتی بکە، چونکە خراپەکانیان بەرز بووەتەوە بۆ بەردەمم.» یونسیش بۆ ئەوەی لە یەزدان هەڵبێت دەستی بە گەشتێک کرد بۆ تەرشیش. سەرەتا چوو بۆ بەندەری یافا و کەشتییەکی دۆزییەوە کە دەچووە تەرشیش، کرێیەکەی دا و سوار بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵیان بچێتە تەرشیش و خۆی لە ڕووی یەزدان بدزێتەوە. یەزدانیش بایەکی مەزنی بۆ سەر دەریاکە نارد و ڕەشەبایەکی مەزن لە دەریاکە هەڵیکرد، خەریک بوو کەشتییەکە پارچەپارچە بێت. کەشتیوانەکان ترسان، هەریەکەیان هاواری بۆ خوداوەندەکەی خۆی کرد، ئەو شتانەی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون فڕێیان دایە ناو دەریاکە، بۆ ئەوەی باری خۆیان سووک بکەن. کەچی یونس چوو بووە نهۆمی خوارەوەی کەشتییەکە و پاڵکەوتبوو، لە خەوێکی قووڵدا بوو. سەرۆکی سەوڵ لێدەرەکان چووە لای و پێی گوت: «ئەوە بۆچی نوستوویت؟ هەستە هاوار بکە بۆ خوداوەندەکەت، بەڵکو ئاوڕمان لێ بداتەوە و لەناونەچین.» ئینجا کەشتیوانەکان بە یەکتریان گوت: «وەرن با تیروپشک بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم بەڵایە بەهۆی کێیە.» ئیتر تیروپشکیان کرد و کەوتە سەر یونس. لێیان پرسی: «پێمان بڵێ بەهۆی کێ تووشی ئەم بەڵایە بووین؟ ئیشت چییە و لەکوێوە هاتوویت؟ سەر بە چ خاکێکیت و لە چ نەتەوەیەکیت؟» ئەویش وەڵامی دانەوە: «من عیبرانیم و لە یەزدان دەترسم، خودای ئاسمان، ئەوەی دەریا و وشکانیی دروستکردووە.» پیاوەکان ترسێکی زۆریان لێ نیشت و لێیان پرسی: «بۆچی ئەمەت کرد؟» پیاوەکان زانییان کە لە یەزدان هەڵاتووە، چونکە پێشتر پێی گوتبوون. لێیان پرسی: «چیت لێ بکەین بۆ ئەوەی دەریاکە هێمن بێتەوە؟» چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو. ئەویش وەڵامی دانەوە: «بمبەن و فڕێمبدەنە ناو دەریاکەوە، ئیتر دەریاکەتان لێ هێمن دەبێتەوە، چونکە من دەزانم بەهۆی منەوەیە ئەم ڕەشەبا مەزنەتان لەسەرە.»