ئینجا یەشوعی کوڕی نون لە شەتیمەوە دوو سیخوڕی بە نهێنی نارد و گوتی: «بڕۆن تەماشای خاکەکە بکەن، بە تایبەتی ئەریحا.» ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە ماڵی ژنێکی لەشفرۆش کە ناوی ڕاحاب بوو، لەوێ مانەوە. بە پاشای ئەریحا گوترا: «بزانە، ئەمشەو دوو پیاوی نەوەی ئیسرائیل هاتوونەتە ئێرە هەتا سیخوڕی دەربارەی خاکەکە بکەن.» لەبەر ئەوە پاشای ئەریحا بەدوای ڕاحابدا ناردی و پێی گوت: «ئەو دوو پیاوەی کە هاتن بۆ لات و هاتنە ناو ماڵەکەت بیانهێنە دەرەوە، چونکە ئەوانە هاتوون بۆ ئەوەی سیخوڕی لەبارەی هەموو خاکەکەوە بکەن.» بەڵام ڕاحاب دوو پیاوەکەی بردبوو و شاردبوونییەوە و گوتی: «ڕاستە ئەو دوو پیاوە هاتنە لای من، بەڵام نەمزانی خەڵکی کوێن. کاتێک تاریکی داهات، کاتی داخستنی دەروازەی شار، دوو پیاوەکە ڕۆیشتن. نازانم دوو پیاوەکە بۆ کوێ چوون. بە پەلە شوێنیان بکەون، بەڵکو پێیان بگەن.» بەڵام ئەو هەردووکیانی بردبوو بۆ سەربان و لەناو کۆمەڵێک چیلکە داری کەتاندا شاردبوونییەوە کە لە سەربان هەڵیچنیبوون. پیاوەکانی پاشاش بەو ڕێگایەی کە بەرەو تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەچوو بەدوای سیخوڕەکاندا چوون. کە ئەوانەی بە شوێنیاندا دەگەڕان چوونە دەرەوە، دەروازەکان داخران. پێش ئەوەی سیخوڕەکان خەویان لێ بکەوێت، ڕاحاب بۆ لایان سەرکەوتە سەربان و بە پیاوەکانی گوت: «زانیومە کە یەزدان ئەم خاکەی بە ئێوە داوە و ترسی ئێوە باڵی بەسەرماندا کێشاوە و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکەش لەبەر ئێوە ڕەنگیان پەڕیوە، چونکە بیستمان یەزدان چۆن ئاوی دەریای سووری لەپێشتان وشک کرد، کاتێک لە میسر هاتنە دەرەوە، هەروەها لەوبەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژهەڵات چیتان بە هەردوو پاشای ئەمۆرییەکان سیحۆن و عۆگ کرد، ئەوانەی کە بە تەواوی قڕتان کردن. کاتێک ئەوەمان بیست، دڵمان تۆقی و بەهۆی ئێوەوە کەس ورەی نەما، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە. «ئێستاش بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆن کە چۆن من چاکەم لەگەڵ ئێوەدا کرد، ئێوەش لەگەڵ ماڵی باوکم چاکە بکەن. نیشانەیەکی دڵنیابوونم بدەنێ کە دایک و باوک و خوشک و براکانم و هەموو ئەوەی هەیانە بە زیندوویی بیانهێڵنەوە و فریای گیانمان بکەون لە مردن.» پیاوەکانیش پێیان گوت: «خودا بمانکات بە قوربانتان! ئەگەر ئەم کارەمان نەدرکێنن، هەروەها ئەگەر یەزدان خاکەکەی پێداین، ئەوا چاکە و دڵسۆزیت لەگەڵدا دەکەین.» ئینجا ڕاحاب هەردووکیانی لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە بە گوریس شۆڕکردەوە، چونکە ماڵەکەی کە تێیدا دەژیا لە شوورای شارەکە بوو. هەروەها پێی گوتن: «بڕۆن بۆ چیا نەوەک ئەوانەی بە شوێنتاندا دەگەڕێن تووشتان بن، لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خۆتان بشارنەوە، هەتا ئەوان دەگەڕێنەوە، ئینجا بە ڕێگای خۆتاندا بڕۆن.»
یەشوع 2 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەشوع 2
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەشوع 1:2-16
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان