یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”لە کۆنەوە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فوراتەوە نیشتەجێ بوون، تارەحی باوکی ئیبراهیم و باوکی ناحۆر خوداوەندی دیکەیان دەپەرست. بەڵام من ئیبراهیمی باوکتانم لەوبەری ڕووباری فورات برد و بەناو هەموو زەوی کەنعاندا گێڕام، نەوەکانی ئەوم زۆر کرد و ئیسحاقم دایێ، یاقوب و عیسۆشم دایە ئیسحاق، بەشە میراتی ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم دایە عیسۆ، بەڵام یاقوب و کوڕەکانی دابەزین بۆ میسر. «”لەدوای ئەوە موسا و هارونم نارد و خەڵکی میسرم تووشی بەڵا کرد بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەناویدا کردم، ئینجا ئێوەم دەرهێنا، جا باوباپیرانتانم لە میسر دەرهێنا و چوونە ناو دەریاوە و میسرییەکانیش بە گالیسکە و ئەسپەوە بۆ دەریای سوور دوای باوباپیرانتان کەوتن. جا کە هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش تاریکاییەکی خستە نێوان ئێوە و میسرییەکانەوە و دەریاکەی بەسەریاندا هێنایەوە و دایپۆشین. ئێوە بە چاوی خۆتان بینیتان من لە میسر چیم کرد. پاشان ئێوە لە چۆڵەوانیدا ڕۆژانێکی زۆر مانەوە. «”ئینجا ئێوەم هێنایە ناو خاکی ئەمۆرییەکان، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا نیشتەجێ بوون و لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دا بەدەستتانەوە و دەستتان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و لەبەردەمتان لەناوم بردن. ئینجا بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب هەستا و لە دژی ئیسرائیل جەنگا و بەلعامی کوڕی بەعۆری بانگکرد بۆ ئەوەی نەفرەتتان لێ بکات، بەڵام من ئامادە نەبووم گوێ لە بەلعام بگرم، بۆیە ئەویش چەند جارێک داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بەو شێوەیە لە دەستی دەربازم کردن. «”ئینجا لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و هاتن بۆ ئەریحا و خەڵکی ئەریحاش، ئەمۆری و پریزی و کەنعانی و حیتی و گرگاشی و حیڤی و یەبوسییەکان لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دایە دەستتان و زەردەواڵەشم لەپێشتانەوە نارد و هەردوو پاشای ئەمۆرییەکانم لەبەردەمتان دەرکرد، نە بە شمشێرەکەت و نە بە کەوانەکەت. ئینجا زەوییەکم پێدان کە پێوەی ماندوو نەبوون و چەند شارێک کە بنیادتان نەناوە و تێیدا نیشتەجێن و ڕەزەمێو و زەیتوونێکیش کە نەتانچاندووە و دەیخۆن.“
یەشوع 24 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەشوع 24
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەشوع 2:24-13
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان