لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

شینەکانی یەرمیا 1:3-26

شینەکانی یەرمیا 1:3-26 KSS

من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی بە گۆچانی تووڕەیی ئەو. منی بە پێش خۆی دا و منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک. بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ. گۆشت و پێستی منی پیرکرد، ئێسکەکانی شکاندم. دەوری گرتم و گەمارۆی دام بە ژەهر و ناخۆشی. ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون. لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم، زنجیرەکانی منی قورس کرد. هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم، بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت. بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت، ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد. وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە، وەک شێرێک خۆی مات دەکات، منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم، منی وێران کرد. کەوانەکەی ڕاکێشا منی کردە نیشانەی تیرەکانی. تیرەکانی تیردانەکەی لە دڵم چەقاند. هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن، بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن. تێری کردم لە تاڵی، زەقنەبووتی دەرخوارد دام. بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد، منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە. من لە ئاشتی بێبەش کراوم، سەرکەوتنم لەبیرچووەوە. ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما، هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.» دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم، وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون. بە باشی بەبیرم دێتەوە، لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە. بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و لەبەر ئەوە هیوام هەیە: بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین، چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت. ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛ دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە. بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە، لەبەر ئەوە هیوام بەوە.» یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە، بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات. باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.