لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لێڤییەکان 10:5-18

لێڤییەکان 10:5-18 KSS

ئەوەی دیکە بەپێی ڕێوڕەسم دەکاتە قوربانی سووتاندن، ئینجا کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت. «”ئەگەر دەستکورت بوو دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر بهێنێت، قوربانییەکەی لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد دەبێتە قوربانی گوناه. زەیتی بەسەردا ناکات و بخووری سادەی لەسەر دانانێت، چونکە قوربانی گوناهە. دەیهێنێتە لای کاهینەکە و ئەویش پڕ بە مستی لێی دەبات، بەشی یادەوەرییەکەی و لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت، ئەوە قوربانی گوناهە. بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی لە هەر یەکێک لەوانە و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ کاهینەکە دەبێت، وەک چۆن پاشماوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە کاهینەکە دەدرێت.“» هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەگەر یەکێک سەرپێچییەکی کرد و سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکانی یەزدان بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، دەبێت لەبەر تاوانەکەی قوربانییەک بۆ یەزدان بهێنێت، بەرانێکی ساغی مێگەل بێت و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت بە شاقلی زیو بەپێی شاقلی پیرۆزگا، ئەوە قوربانی تاوانە. هەروەها قەرەبووی ئەو گوناهەش دەکاتەوە کە سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکان کردوویەتی و پێنج یەکیشی لەسەر دادەنێت و دەیداتە کاهینەکە. کاهینەکە بە بەرانەکەی قوربانی تاوان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت. «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێن و نەیزانی، ئەوا تاوانبارە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت. بە بەرانێکی ساغی مێگەل و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، بە قوربانی تاوانەوە بۆ لای کاهینەکە دێت، کاهینەکەش لەو هەڵەیەی کە بەبێ ئەنقەست کردوویەتی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.