کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.» بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.» بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.» مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت. لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا. چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد. کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز. ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت! بۆ من کێم تاکو دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟ چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.» مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات، ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە، چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن، چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو. بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، نەوە دوای نەوە. بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا، ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە. تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و بێفیزەکانی بڵند کردەوە. برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد، دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە. بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی، هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»
لۆقا 1 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 1
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 26:1-55
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان