لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:12-21

لۆقا 1:12-21 KSS

لەو کاتەدا کە هەزاران کەس کۆببوونەوە، بە جۆرێک یەکتریان پێشێل دەکرد، لە سەرەتادا عیسا ڕووی کردە قوتابییەکانی و فەرمووی: «ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان بن، کە دووڕووییە. هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. لەبەر ئەوە هەرچی لە تاریکیدا گوتووتانە، لە ڕووناکیدا دەبیسترێت، ئەوەش کە لە ژوورەوە بە چرپە گوتووتانە، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕادەگەیەنرێت. «دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت. بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن. ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یەکێک لەوانی لەبیر ناچێت. تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن. «پێشتان دەڵێم: ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، کوڕی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دانی پێدا دەنێت. بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت. ئەوەی قسە بە کوڕی مرۆڤ بڵێت، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، نابەخشرێت. «کاتێک دەتانهێننە بەردەم کەنیشت و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، نیگەران مەبن لەوەی کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن و چی بڵێن، چونکە ڕۆحی پیرۆز هەر لەو کاتەدا فێرتان دەکات پێویستە چی بڵێن.» یەکێکی ناو خەڵکەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بفەرموو میراتم لەگەڵ بەش بکات.» بەڵام ئەو پێی فەرموو: «کابرا، کێ منی کردووە بە دادوەر یان بەشکەر بەسەرتانەوە؟» بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئاگاداربن و خۆتان لە هەموو جۆرە چاوچنۆکییەک بپارێزن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە زۆری سامانەکەی نییە.» ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «مرۆڤێکی دەوڵەمەند، زەوییەکەی بەرهەمێکی زۆری دا. لە دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بکەم کە شوێنم نەبێ بەرهەمەکەمی لێ کۆبکەمەوە؟“ «جا گوتی: ”وا دەکەم، ئەمبارەکانم تێکدەدەم و گەورەتری دەکەم، لەوێدا هەموو دانەوێڵە و ماڵەکەم کۆدەکەمەوە. بە خۆشم دەڵێم: ’ئەی گیانم، ئەوەتا ماڵێکی زۆرت هەڵگرتووە کە بەشی چەندین ساڵ دەکات. بحەسێوە و بخۆ و بخۆوە و دڵشادبە.‘ “ «بەڵام خودا پێی فەرموو: ”ئەی گێلە، هەر ئەمشەو گیانت دەردەچێت. باشە ئەوەی کۆت کردووەتەوە، بۆ کێ دەبێت؟“ «بە هەمان شێوە دەبێ ئەو کەسەی گەنجینە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە بەڵام لەلای خودا دەوڵەمەند نییە.»