لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 22:2-35

لۆقا 22:2-35 KSS

پاشان یوسف و مریەم لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە عیسایان بردە ئۆرشەلیم تاکو پێشکەشی یەزدانی بکەن، بەگوێرەی تەوراتی موسا، کە تەوراتی یەزدانە، هەروەک تێیدا نووسراوە: ﴿هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ یەزدان تەرخان دەکرێت‏.﴾ بۆ پێشکەشکردنی قوربانییەکیش، بەگوێرەی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان گوتراوە: ﴿دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر‏.﴾ پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو. بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت. بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن، شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد: «ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە. ئەوا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی، ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە، هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.» دایک و باوکی سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا. شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت، هەتا نیازی دڵی زۆر‏ کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان