لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:22-16

لۆقا 1:22-16 KSS

جەژنی فەتیرە کە پێی دەگوترا پەسخە نزیک ببووەوە. کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لە گەل دەترسان و بۆ ڕێگایەک دەگەڕان کە عیسای پێ لەناوبەرن. شەیتان چووە ناو یەهوزاوە، کە پێی دەگوترا ئەسخەریوتی و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. ئەو ڕۆیشت و قسەی لەگەڵ کاهینانی باڵا و فەرماندەکانی پەرستگا کرد کە چۆن عیسایان ڕادەست بکات. دڵخۆش بوون و ڕێککەوتن بەوەی کیسە زیوی بدەنێ. ئەویش بەمە ڕازی بوو و بەدوای هەلێکدا دەگەڕا تاکو عیسا بداتە دەستیان، کاتێک کە خەڵکیان لەگەڵ نەبێت. ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی تێدا بکرێتە قوربانی. عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.» لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟» پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت. ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.» جا ڕۆیشتن، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد. کە کاتی نانخواردن هات، عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون. پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازارچێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم، چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.»