ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.» کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.» پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت. من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،﴾ پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.» گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.» پێی فەرموون: «بەسە.» پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن. کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.» ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوور کەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد. فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.» فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد. کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی. ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە. پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.» هێشتا ئەو قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەو کەسەش کە پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتبوو، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات. عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟» ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟»
لۆقا 22 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 22
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 33:22-49
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان