لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 39:22-53

لۆقا 39:22-53 KSS

پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن. کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.» ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوور کەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد. فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.» فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد. کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی. ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە. پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.» هێشتا ئەو قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەو کەسەش کە پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتبوو، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات. عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟» ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟» جا یەکێکیان لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی. بەڵام عیسا فەرمووی: «ئیدی بەسە!» ئینجا دەستی لە گوێی دا و چاکیکردەوە. پاشان عیسا بە کاهینانی باڵا و فەرماندەی پەرستگا و پیرانی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم دەستتان لێ نەدام. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە، کاتی دەسەڵاتی تاریکییە.»