پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد. لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو. لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.» عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند. خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.» ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە. عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، بۆیە داوایان لە عیسا کرد کە یارمەتی بدات. ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان. کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە. ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە. کاتێک ڕۆژ هەڵات، هەستا و چووە جێگایەکی چۆڵ، خەڵکەکەش بەدوایدا دەگەڕان و هاتنە لای، ڕایانگرت تاکو لەلایان نەڕوات. بەڵام پێی فەرموون: «لەسەرمە مزگێنی پاشایەتی خودا بدەمە شارەکانی دیکەش، چونکە بۆ ئەمە نێردراوم.» ئیتر بەردەوام لە کەنیشتەکانی یەهودیا پەیامی خودای ڕادەگەیاند.
لۆقا 4 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 4
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 31:4-44
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان