کاتێک خەڵکێکی ئێجگار زۆر لە هەموو شارەکانەوە هاتن بۆ لای عیسا و کۆبوونەوە، بە نموونە قسەی بۆ کردن: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا و پێشێل بوون، باڵندەی ئاسمان خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان، سەریان دەرکرد و وشک بوون، چونکە خاکەکە شێی نەبوو. هەندێکیش کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان لەگەڵیان گەشەیان کرد و خنکاندیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و سەد ئەوەندە بەرهەمیان دا.» ئەمانەی فەرموو و هاواری کرد: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!» قوتابییەکانی لێیان پرسی کە مەبەست لەم نموونەیە چی بوو؟ ئەویش فەرمووی: «بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن، بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی «﴿سەیر بکەن، بەڵام نەبینن و گوێ بگرن، بەڵام تێنەگەن.﴾ «ئەمە مەبەستی نموونەکەیە: تۆوەکە پەیامی خودایە. ئەوانەی سەر ڕێگاکە ئەوانەن کە گوێیان لێبوو، ئینجا ئیبلیس دێت و پەیامەکە لە دڵیان دەبات، نەوەک باوەڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت. ئەوانەش کە کەوتنە سەر زەوییە بەردەڵانەکە، ئەوانەن کە پەیامەکە بە خۆشییەوە وەردەگرن کاتێک دەیبیستن، بەڵام ڕەگیان نییە و تاکو ماوەیەک باوەڕ دەهێنن، بەڵام کاتێک تاقی دەکرێنەوە، دەکەون. ئەوانەی کەوتنە ناو دڕکەکان، ئەوانەن کە دەیبیستن، بە خەفەت و سامان و خۆشییەکانی ژیان دەخنکێن، بەرهەمی پێگەیشتوو نادەن. بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە چاکەکە، ئەوانەن کە بە دڵێکی چاک و باشەوە دەبیستن، پەیامەکە لە دڵیاندا دەپارێزن و بە خۆڕاگرییەوە بەرهەم دەدەن. «کەس چرا هەڵناکات و بە تەشت دایپۆشێت، یان لەژێر نوێن دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادانی دادەنێت، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن، چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە نەزانرێت و دەرنەکەوێت. کەواتە ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن، چونکە ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەشی کە ئەو بە هی خۆی دەزانێت لێی دەسەنرێتەوە.» ئینجا دایک و براکانی عیسا هاتنە لای، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیانتوانی بگەنە لای. پێی گوترا: «دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ بتبینن.» وەڵامی دانەوە: «دایک و براکانم ئەوانەن کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
لۆقا 8 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 8
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 4:8-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان