لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 33:12-50

مەتا 33:12-50 KSS

«دار بە بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە. ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات، ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات. ئەی بێچووە ماران، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت. مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاکی ناخیدا، شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە گەنجینەی خراپی ناخیدا، شتی خراپ دەردەهێنێت. بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە، چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.» ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.» کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر. هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە. ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین. ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت. بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت.» لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد، دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن. کەسێک هات و پێی گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.» ئەویش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟» ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا و فەرمووی: «ئەوەتا دایک و براکانم، چونکە ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام بدات کە لە ئاسمانە، خوشک و برا و دایکمە.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان