لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:16-12

مەتا 1:16-12 KSS

فەریسی و سەدوقییەکان هاتنە لای عیسا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد نیشانەیەکی ئاسمانییان پیشان بدات. عیسا وەڵامی دایەوە: «کە ئێوارە دادێت، دەڵێن، ”ساماڵ دەبێت، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە،“ سەر لە بەیانیش، ”ئەمڕۆ باوبۆران دەبێت، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە و هەورە.“ ئێوە دەزانن ڕووی ئاسمان بخوێننەوە، بەڵام ناتوانن نیشانەکانی زەمانە لێکبدەنەوە! نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.» ئینجا بەجێی هێشتن و ڕۆیشت. کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بینییان لەبیریان چووە لەگەڵ خۆیان نان ببەن. عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.» لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «ئەوە بۆیە وا دەڵێت، چونکە نانمان لەگەڵ خۆمان نەهێناوە.» عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟ ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن!» ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان