کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە، جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا، لەبەری ئەوبەری ڕووباری ئوردون. خەڵکێکی زۆر دوای کەوت، ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە. هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە و گوتیان: «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان﴾؟ هەروەها فەرمووی: ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾ کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.» لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە پیاو تەڵاقنامە بە ژنەکەی بدات و لێی جودا ببێتەوە؟» پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو. بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.» قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!» عیسا پێی فەرموون: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، تەنها ئەوانەی پێیان دراوە. خەساو هەن زگماکن، خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن، خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات.» ئینجا خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت و لە پێناویاندا نوێژ بکات، بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن. بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.» دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت.
مەتا 19 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 19
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 1:19-15
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان