ئینجا فەریسییەکان ڕۆیشتن و تەگبیریان کرد کە چۆن عیسا بە قسەکانی خۆی تووش بکەن. قوتابییەکانی خۆیان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای و گوتیان: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و بە ڕاستی خەڵکی فێری ڕێگای خودا دەکەیت و سڵ لە کەس ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت. کەواتە پێمان بفەرموو ڕات چییە؟ دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟» عیسا کە بە نیازخراپی ئەوانی دەزانی، فەرمووی: «ئەی دووڕووان، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ پارەی سەرانەم پیشان بدەن.» ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا. پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەرە.» پاشان پێی فەرموون: «کەواتە ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنە قەیسەر و ئەوەش هی خودایە بیدەنە خودا.» کە گوێیان لێبوو سەرسام بوون، ئینجا بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان کە دەڵێن زیندووبوونەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت، بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم هەتا گەیشتە حەوتەم. لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە، چونکە هی هەموویان بووە؟» عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا. لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە؟ دەفەرموێ: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.» کاتێک خەڵکەکە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.
مەتا 22 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 22
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 15:22-33
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان