لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 27:22-40

مەتا 27:22-40 KSS

لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە، چونکە هی هەموویان بووە؟» عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا. لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە؟ دەفەرموێ: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.» کاتێک خەڵکەکە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون. کاتێک فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە. یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە: «مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟» عیسا پێی فەرموو: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾ ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە. دووەمیشیان وەک ئەو وایە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾ جا هەموو تەورات و پەیامی پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان