لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 20:26-30

مەتا 20:26-30 KSS

کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.» ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.» ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.» کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەریبگرن و بیخۆن، ئەمە جەستەی منە.» ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.» ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.