لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 45:26-56

مەتا 45:26-56 KSS

دوایی هاتەوە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کاتەکە نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.» هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوزا هات، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو کە بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی.» ئینجا ماچی کرد. عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟» لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.