کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، کە بە واتای «شوێنی کاسەسەر» دێت، شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد. ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!» بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! ئەگەر پاشای ئیسرائیلە، با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین! پشتی بە خودا بەست، با ئێستا خودا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون قسەیان پێ دەگوت. لە کاتژمێر دوازدەوە هەتا سێ، تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا. نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟ ﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت. کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!» دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات؟» عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد. لەو کاتەدا پەردەی پەرستگا لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. دوای هەستانەوەی عیسا، لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن. کاتێک سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵی پاسەوانیی عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!» زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.
مەتا 27 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 27
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 32:27-56
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان