سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا. لە پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: ﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات،﴾ ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾ یەحیا هات، لە چۆڵەوانیدا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا و جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو ئۆرشەلیم دەهاتنە لای، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران. جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست، کوللە و هەنگوینی کێویی دەخوارد. ئەمە پەیامەکەی ئەو بوو: «لەدوای من کەسێک دێت کە زۆر لە من بەتواناترە، تەنانەت شایانی ئەوە نیم دابنەوێمەوە و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە. من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت.» لەو ڕۆژانەدا عیسا لە ناسیرەوە هات، کە سەر بە ناوچەی جەلیلە و لەسەر دەستی یەحیا لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵکێشرا. هەرکە عیسا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان شەق بوو، ڕۆحی پیرۆزیش وەک کۆترێک لەسەری نیشتەوە. دەنگێکیش لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.» دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆز عیسای بەرەو چۆڵەوانی برد. چل ڕۆژ لە چۆڵەوانیدا لەنێوان ئاژەڵانی کێویدا بوو، شەیتان تاقی دەکردەوە، فریشتەکانیش خزمەتیان دەکرد. دوای دەستگیرکردنی یەحیا، عیسا هاتە جەلیل و مزگێنی خودای ڕادەگەیاند و دەیفەرموو: «کاتەکە هاتووەتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بووەتەوە. تۆبە بکەن، باوەڕ بەم مزگێنییە بهێنن.»
مەرقۆس 1 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەرقۆس 1
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەرقۆس 1:1-15
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان