لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 32:14-72

مەرقۆس 32:14-72 KSS

پاشان چوونە شوێنێک پێی دەگوترا گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نوێژ دەکەم.» ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد. پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشک بگرن.» کەمێک دوور کەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت. فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.» گەڕایەوە بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نەتتوانی کاتژمێرێک ئێشک بگریت؟ ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە بەڵام جەستە لاوازە.» دیسان ڕۆیشتەوە و نوێژی کرد، هەمان وتەی دووبارە کردەوە. کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو، نەیانزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە. سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.» کاتێک هێشتا عیسا قسەی دەکرد، لەناکاو یەهوزا گەیشت کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. کۆمەڵە خەڵکێکی لەگەڵ بوو لەلایەن کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو. ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی، بیگرن و بە پاسەوانییەوە بیبەن.» هەرکە یەهوزا گەیشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!» و ماچی کرد. ئیتر دەستبەسەریان کرد و گرتییان. بەڵام یەکێک لە ئامادەبووان، شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. عیساش پێی فەرموون: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم، بەڵام دەبێت نووسراوە پیرۆزەکان بێنە دی.» ئینجا هەموو بەجێیان هێشت و ڕایانکرد. گەنجێک دوای عیسا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو. کاتێک گرتیان، کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی ڕایکرد. عیسایان بردە لای سەرۆکی کاهینان، هەموو کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە. پەترۆسیش دووربەدوور تاکو ناو حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، لەگەڵ خزمەتکاران لەبەردەم ئاگر دانیشتبوو خۆی گەرم دەکردەوە. کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن، بەڵام دەستیان نەکەوت. کەسانێکی زۆر بە درۆ شایەتییان لەسەری دا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکیان نەدەگرتەوە. هەندێک هەستان و بە درۆ شایەتییان لەسەری دا و گوتیان: «گوێمان لێی بوو دەیگوت: ”ئەم پەرستگایەی دەستکردی مرۆڤە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژ یەکێکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت.“» لەمەشدا شایەتییەکەیان کۆک نەبوو. سەرۆکی کاهینانیش لە ناوەڕاست ڕاوەستا و لە عیسای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟» بەڵام عیسا بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای پیرۆز؟» عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.» سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە. هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە. پەترۆس لە خوارەوە لە حەوشەکە بوو، یەکێک لە کارەکەرانی سەرۆکی کاهینان هات. پەترۆسی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕوانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوویت.» بەڵام پەترۆس نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم، تێناگەم چی دەڵێی.» چووە داڵانەکە. [ئینجا کەڵەشێر خوێندی.] کارەکەرەکە بینییەوە، بەوانەی گوتەوە کە لەوێدا ڕاوەستابوون: «ئەمەش لەوانە.» دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆسیان گوت: «بە ڕاستی تۆ لەوانیت، چونکە تۆش جەلیلیت.» دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەم کابرایەی باسی دەکەن نایناسم.» دەستبەجێ کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی، پەترۆسیش قسەکەی عیسای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» خۆی پێ نەگیرا و گریا.