دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو، ئیتر هەندێک لەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن. عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەبەردەم هەمووان ڕابوەستە.» ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ڕزگارکردنی ژیان یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون. بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە. فەریسییەکان هاتنە دەرەوە و یەکسەر لەگەڵ هێرۆدسییەکان تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن. عیسا و قوتابییەکانی بەرەو دەریاچەکە کشانەوە و خەڵکێکی زۆر لە جەلیل دوای کەوتن. کاتێک هەموو ئەو شتانەیان بیست کە دەیکرد، خەڵکێکی زۆر لە یەهودیا، ئۆرشەلیم، ئادومیا، ئەوبەری ڕووباری ئوردون و دەوروبەری سور و سەیداوە هاتنە لای. ئەویش بە قوتابییەکانی فەرموو کە بەلەمێکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاڵەپەستۆی نەخەنە سەر. لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن. ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش بە توندی فەرمانی پێدەدان لەلای کەس باسی نەکەن. عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای. دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس. ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتا کوڕانی هەورەتریشقە، هەروەها ئەندراوس، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس، مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، تەداوس، شیمۆنی کانەوی و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
مەرقۆس 3 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەرقۆس 3
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەرقۆس 1:3-19
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان