لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

نەحەمیا 11:4-18

نەحەمیا 11:4-18 KSS

ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.» ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، دەیان جار هاتن و پێیان گوتین: «لە هەموو لایەکەوە دێن و هێرشمان دەکەنە سەر.» ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت. دوای ئەوەی کە سەیری بارودۆخەکەم کرد، هەستام و بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.» دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی. لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و زرێیان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد. بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت. بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.