لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

سەرژمێری 14:20-21

سەرژمێری 14:20-21 KSS

ئینجا موسا لە قادێشەوە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای ئەدۆم نارد: «ئیسرائیلی برات ئاوا دەڵێت: تۆ بە هەموو ناخۆشییەکانت زانی کە تووشمان هات. باوکانمان چوونە میسر و ڕۆژانێکی زۆر لە میسر ماینەوە. میسرییەکان ئێمە و باوکانی ئێمەیان زەلیل کرد، بەڵام هاوارمان بۆ یەزدان کرد و گوێی لە دەنگمان بوو، فریشتەیەکی نارد و لە میسر دەریهێناین. «ئێستا ئێمە لە قادێشین کە شارۆچکەیەکە لە نزیکی سنووری خاکەکەت. تکایە ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێبپەڕین، نە بە کێڵگەیەکدا دەڕۆین و نە بە ڕەزێکدا و نە ئاوی بیرێک دەخۆینەوە، لە شاڕێگای پاشاوە دەڕۆین، نە بەلای ڕاست لادەدەین و نە بەلای چەپ هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە.» بەڵام ئەدۆم وەڵامی دانەوە: «بە خاکەکەماندا ناڕۆن، ئەگینا بە شمشێرەوە پەلامارتان دەدەم.» نەوەی ئیسرائیلیش گوتیان: «بە ڕاستەڕێدا دەڕۆین، ئەگەر خۆمان و مەڕوماڵاتەکانمان لە ئاوی تۆمان خواردەوە ئەوا نرخەکەی دەدەین، هیچی دیکە ناکەین تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین.» دیسان ئەدۆم وەڵامی دانەوە: «تێناپەڕن.» ئینجا ئەدۆم بە سوپایەکی گەورە و دەستێکی توندەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرچوو. ئەدۆم ڕازی نەبوو ئیسرائیل بە خاکی ئەودا تێبپەڕێت، ئیسرائیلیش لێی لادا.