لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەندەکانی سلێمان 20:1-33

پەندەکانی سلێمان 20:1-33 KSS

دانایی لە کۆڵان هاوار دەکات، لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرز دەکاتەوە، لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا بانگ دەکات، لە دەروازەی شارەکاندا قسەی خۆی دەکات: «هەتا کەی ئەی ساویلکەکان حەز لە ساویلکەیی دەکەن؟ هەتا کەی گاڵتەجاڕان بە گاڵتەکردن دڵخۆش دەبن، گێلەکانیش ڕقیان لە زانیاری دەبێتەوە؟ بگەڕێنەوە کاتێک سەرزەنشتتان دەکەم! ئینجا ڕۆحی خۆمتان بەسەردا دەڕێژم، وشەکانی خۆمتان پێ دەناسێنم. بەڵام بانگهێشتم کردن، ڕەتتان کردەوە، دەستم درێژکرد، کەس گوێی پێنەدا، هەموو ڕاوێژێکی منتان پشتگوێ خست، سەرزەنشتی منتان وەرنەگرت، جا منیش لە کارەساتتان پێدەکەنم. گاڵتە دەکەم کە ترستان لێ نیشت، کە ترستان وەک گەردەلوول لێ نیشت و وێرانیتان وەک ڕەشەبا هاتە سەر و تەنگانە و ناخۆشی بەسەرتانی دادا. «ئینجا بانگم دەکەن، بەڵام من وەڵام نادەمەوە، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە. لەبەر ئەوەی ڕقیان لە زانیاری بووەوە، لەخواترسییان هەڵنەبژارد، لەبەر ئەوەی ڕاوێژی منیان وەرنەگرت، بە سووکییەوە تەماشای هەموو سەرزەنشتەکانی منیان کرد، بۆیە لە بەرهەمی ڕێگای خۆیان دەخۆن، لە بەری پیلانەکانیان تێر دەبن، چونکە هەڵگەڕانەوەی ساویلکەکان دەیانکوژێت، بێباکی گێلەکان لەناویان دەبات. بەڵام ئەوەی گوێ لە من بگرێت بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت، لە ترسی خراپە دەحەسێتەوە.»