پەندەکانی سلێمان 13:20-30
پەندەکانی سلێمان 13:20-30 KSS
حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت، چاوت کراوە بێت و تێر نان بە. کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!» بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات. زێڕ هەیە و یاقووت زۆرە، بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە. ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە، لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە. بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ، بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو. پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی، بە ڕاوێژ بجەنگە. دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات، بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە. ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات، لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە. میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت لە کۆتاییدا بێ بەرەکەت دەبێت. مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.» چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات. یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە، تەرازووی لاسەنگ باش نییە. هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە، ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟ تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات، ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات. پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات، بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت. چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت، هەروەها هەموو ناخی دەروونیش. خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن، بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت. شانازی لاوان هێزیانە، ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە. برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە، لێدانی قامچیش ناخی دەروون.





