پەندەکانی سلێمان 1:25-10
پەندەکانی سلێمان 1:25-10 KSS
ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە: شکۆمەندیی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە، شکۆمەندیی پاشایانیش لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە. هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە، دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت. خڵت لە زیو داماڵە، ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت. بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە، بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت. لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە، لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە. وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،» نەک لەلای میر تەریق بیتەوە. ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت، خێرا مەیبە بۆ دادگا، چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟ کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت، نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە، نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات، جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە.





