لۆگۆی ئەپی پەرتووکی پیرۆز
ئایکۆنی گەڕان

پەندەکانی سلێمان 11:3-35

پەندەکانی سلێمان 11:3-35 KSS

ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە، چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت. خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت، چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و بەرهەمیشی لە زێڕ. لە یاقووت بەهادارترە و هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای. تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی. ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین. درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن. یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند، بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند. بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون، هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند. ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە، ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، دەبنە ژیان بۆ تۆ، ملوانکە بۆ جوانی گەردنت. ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و ساتمە ناکەیت و ناکەویت. کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت، ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت. نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت، چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت. دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن، کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت. بە کەس مەڵێ: «بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،» لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە. پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە، لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە. لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە، ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد. بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە، هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە، چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە، بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە. نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە، بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات. هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان. داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن، بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە پەندەکانی سلێمان 11:3-35