لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەندەکانی سلێمان 13:3-26

پەندەکانی سلێمان 13:3-26 KSS

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت، چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و بەرهەمیشی لە زێڕ. لە یاقووت بەهادارترە و هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای. تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی. ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین. درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن. یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند، بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند. بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون، هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند. ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە، ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، دەبنە ژیان بۆ تۆ، ملوانکە بۆ جوانی گەردنت. ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و ساتمە ناکەیت و ناکەویت. کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت، ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت. نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت، چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت.