گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە، ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە. چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت، دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟» هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە، فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە. خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟ کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟ لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە، ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە! هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن، فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە! خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن، بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم. بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە، یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم. ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە. دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت. ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن. ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم. هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە. من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم. بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە. چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە. بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە. لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە. لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم. لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم. بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم. لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە. وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم، ڕووناکییە بۆ ڕێگام. سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم، کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم. ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە. ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە. حوکمەکانی خۆتم فێر بکە. هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم. بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم. یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من، چونکە ئەوان شادی دڵمن. دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم، هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی. ڕقم لە کەسانی دوودڵە، حەزم لە فێرکردنی تۆیە. تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت، هیوام بە بەڵێنی تۆیە. ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە، تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم. بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم، لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە. پشتم بگرە و ڕزگاردەبم، هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت. هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە، چونکە فێڵەکەیان پووچە. هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە، بۆیە حەزم لە یاساکانتە. لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و لە حوکمەکانت دەترسم.
زەبوورەکان 119 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 119
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 81:119-120
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
Videos