چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە. بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە. لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە. لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم. لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم. بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم. لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە. وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم، ڕووناکییە بۆ ڕێگام. سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم، کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم. ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە. ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە. حوکمەکانی خۆتم فێر بکە. هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم. بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم. یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من، چونکە ئەوان شادی دڵمن. دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم، هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی. ڕقم لە کەسانی دوودڵە، حەزم لە فێرکردنی تۆیە. تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت، هیوام بە بەڵێنی تۆیە. ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە، تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم. بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم، لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە. پشتم بگرە و ڕزگاردەبم، هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت. هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە، چونکە فێڵەکەیان پووچە. هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە، بۆیە حەزم لە یاساکانتە. لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و لە حوکمەکانت دەترسم. دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە، ڕادەستی زۆردارم مەکە. بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت، با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن. چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت، بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت. بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە، بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم. ئەی یەزدان، کاتی کارکردنی تۆیە، چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە. لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو، هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم، ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە. یاساکانت سەرسوڕهێنەرە، بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات. ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت، تێگەیشتنیش بە نەزانەکان. دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە، چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم. ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت. هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە، مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت. لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە، بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم. ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت، چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.
زەبوورەکان 119 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 119
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 97:119-136
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان