لەبەر ئەمەش بوو چەندین جار ڕێم لێ دەگیرا بێمە لاتان. ئێستا لەم ناوچانە شوێن نەماوە ئیشی لێ بکەم و لەبەر ئەوەی کە ساڵانێکی زۆرە پەرۆشم بێمە لاتان، دەمەوێ لە کاتی ڕۆیشتنم بۆ ئیسپانیا سەردانتان بکەم. هیوادارم بەلاتاندا تێپەڕم و بتانبینم، دوای ئەوەی چێژم لە بینینتان وەرگرت، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، ئومێدەوارم بۆ ئەوێم بەڕێبکەن. بەڵام ئێستا دەچمە ئۆرشەلیم تاکو خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا بکەم. باوەڕدارانی مەکدۆنی و ئەخایا پێیان خۆش بوو هەندێک بەخشین بۆ هەژاران لەنێو گەلی پیرۆزی خودا لە ئۆرشەلیم کۆبکەنەوە. ئەوان بە خۆشییەوە بڕیاریان دا، لە ڕاستیشدا ئەمە ئەرکێک بوو لەسەریان، چونکە باوەڕدارە جولەکەکان بەرەکەتی ڕۆحییان پێشکەش بە ناجولەکەکان کردبوو. لەبەر ئەوە ئەرکی باوەڕدارە ناجولەکەکانە کە بە شتە ماددییەکان یارمەتی باوەڕدارە جولەکەکان بدەن. بۆیە، کاتێک ئەمەم تەواو کرد و ئەم بەرهەمەم بۆ مۆرکردن، لەسەر ڕێگام بۆ ئیسپانیا، سەردانتان دەکەم. دەزانم کە بێمە لاتان، بە پڕیی بەرەکەتی مەسیحەوە دێم. ئێستاش ئەی خوشک و برایان لێتان دەپاڕێمەوە، لەبەر عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و بە خۆشەویستی ڕۆحی پیرۆز، لەگەڵم تێبکۆشن لە نوێژەکان بۆ خودا لە پێناوی من، تاکو لەدەست بێباوەڕانی یەهودیا ڕزگاربم، هەروەها تاکو خزمەتەکەم بۆ ئۆرشەلیم لەلای گەلی پیرۆزی خودا پەسەندکراو بێت، بۆ ئەوەی بە خواستی خودا بە دڵشادییەوە بێمە لاتان و لەگەڵتان پشوو بدەم. خودای ئاشتی لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.
ڕۆما 15 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ڕۆما 15
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ڕۆما 22:15-33
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان