لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 5:6-19

ڕۆما 5:6-19 KSS

ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین. ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە. بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین، دەزانین مەسیح کە لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، جارێکی دیکە نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت. ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا خۆتان بۆ خودا بە زیندوو بزانن. کەواتە مەهێڵن گوناه حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات، تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن. ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناه پێشکەش مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن، وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا. چیتر گوناه دەسەڵاتی بەسەرتاندا نابێت، چونکە لەژێر سایەی شەریعەتدا نین، بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتدان. کەواتە چی؟ ئایا گوناه بکەین، چونکە لەژێر سایەی شەریعەتدا نین بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتداین؟ نەخێر! ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی کەسێک دەکەن، دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی، جا بۆ گوناه کە بەرەو مردنە یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستییە؟ بەڵام سوپاس بۆ خودا لەگەڵ ئەوەی کۆیلەی گوناه بوون، لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردرا. ئێوە لە گوناه ئازاد کران و بوونە بەندەی ڕاستودروستی. لەبەر لاوازی جەستەتان وەک مرۆڤێکی سادە دەدوێم. ئیتر وەک چۆن لەپێشدا ئەندامەکانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە پێشکەشی خراپە کرد، ئێستاش ئەندامەکانتان وەک بەندەی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشکەش بکەن،

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ ڕۆما 6:5-19 شێوەکاری؟؟؟