لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕائووس 1:2-12

ڕائووس 1:2-12 KSS

ئەوە بوو مێردەکەی ناعۆمی خزمێکی هەبوو بە ناوی بۆعەز، کە پیاوماقوڵی هەمان تیرەی ئەلیمەلەخ بوو. ڕائووسی مۆئابی بە ناعۆمی گوت: «بهێڵە با بچم بۆ کێڵگە و لەدوای هەرکەسێک کە لەگەڵم میهرەبان بێت، پاشماوەی گوڵەجۆ هەڵبگرمەوە.» ئەویش پێی گوت: «کچم بڕۆ.» ڕائووسیش ڕۆیشت و بەدوای دروێنەکەرەکاندا لە کێڵگەیەک گوڵەجۆی هەڵگرتەوە. وا ڕێککەوت کێڵگەکە هی بۆعەز بوو کە لە تیرەی ئەلیمەلەخ بوو. لەو کاتەدا بۆعەز لە بێت‌لەحمەوە هات و بە دروێنەکەرەکانی گوت: «یەزدان یارمەتیتان بدات.» ئەوانیش گوتیان: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت.» بۆعەز بە خزمەتکارەکەی گوت کە کرابوو بە سەرکار بەسەر دروێنەکەرەکاندا: «ئەم کچە هی کێیە؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «کچێکی مۆئابییە لەگەڵ ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابەوە هاتووە، کە پێی گوتین: ”لێمگەڕێن با گوڵەجۆ لەدوای دروێنەکەرەکان کۆبکەمەوە.“ ئیتر هات و لە بەیانییەوە هەتا ئێستا ماوەتەوە، تەنها تۆزێک نەبێت لەژێر کەپرەکە پشووی دا.» بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «گوێ بگرە کچم. مەڕۆ بۆ کێڵگەیەکی دیکە بۆ گوڵەجۆ هەڵگرتنەوە، بەڵکو لێرە بە، لەلای کچە خزمەتکارەکانم. تەماشای کێڵگەکە بکە، پیاوەکان لەکوێ دروێنە دەکەن، تۆش لەگەڵ ژنەکاندا شوێنیان بکەوە. پیاوەکانم ئاگادار کردووەتەوە دەستت لێ نەدەن. ئەگەر تینوو بوویت بڕۆ لە کوپەکان ئاو بخۆوە کە پیاوەکان ئاوی تێدەکەن.» ڕائووس کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت، پێی گوت: «بۆچی سەرەڕای بێگانەییم ڕەزامەندی تۆم بەدەستهێنا و گرنگیت پێدام؟» بۆعەزیش وەڵامی دایەوە: «بە تەواوی هەموو ئەو شتانەم پێ گوتراوە کە دوای مردنی پیاوەکەت بۆ خەسووت کردووە، تەنانەت وازت لە دایک و باوک و ئەو خاکەی لێی لەدایک بوویت هێناوە و هاتیت بۆ لای گەلێک کە پێشتر نەتناسیون. با یەزدان چاکەی ئەم کارەت بداتەوە. با یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە تەواوی پاداشتت بداتەوە، ئەوەی کە هاتوویت بۆ ئەوەی پەنا ببەیتە ژێر باڵەکانی.»