لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پوختەی مێژوو 23:16-34

یەکەم پوختەی مێژوو 23:16-34 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن. لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی. یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە، چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە. شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان. ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن. ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە. ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن، جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت. با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!» با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن. ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات. ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.