لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:12-31

یەکەم کۆرنسۆس 1:12-31 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

برایان، سه‌باره‌ت به‌ به‌هره‌ ڕووحییه‌كان، نامه‌وێت نه‌زانن. ئێوه‌ ده‌زانن كاتێ بتپه‌رست بوون، به‌ره‌و بته‌ لاڵه‌كان ڕابه‌رایه‌تی كران و ده‌هاژووران. بۆیه‌ بزانن كه‌ كه‌س نییه‌ به‌ ڕووحی خودا بدوێت و بڵێت: “ئیشۆع ئه‌ناتیما”، كه‌سیش ناتوانێت بڵێت: “ئیشۆع په‌روه‌ردگاره‌”، به‌ ڕووحی پارسا نه‌بێت. جۆره‌ها به‌هره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ڕووح یه‌كه‌، جۆره‌ها ڕاژه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام په‌روه‌ردگار یه‌كه‌، جۆره‌ها كار هه‌یه‌، به‌ڵام خودا یه‌كه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو كارێك له‌ هه‌موواندا ده‌كات. به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ڕووح بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ پێناوی سوودمه‌ندی ده‌درێت. جا یه‌كێك به‌هۆی ڕووح قسه‌ی دانایی پێ ده‌درێت، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش قسه‌ی زانین به‌گوێره‌ی هه‌مان ڕووح. بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش باوه‌ڕ به‌ هه‌مان ڕووح، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ به‌هره‌ی چاككردنه‌وه‌ به‌ هه‌مان ڕووح، یه‌كێكی دیكه‌ش كاری په‌رجو، بۆ ئه‌وی دیكه‌ پێشبینی، بۆ ئه‌وی دیكه‌ جیاكردنه‌وه‌ی ڕووحه‌كان، بۆ ئه‌وی دیكه جۆره‌ها زمان، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش وه‌رگێڕانی زمانه‌كان. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاری یه‌ك ڕووح و هه‌مان ڕووحه‌، بۆ هه‌ر یه‌كێك به‌ تایبه‌ت دابه‌شی ده‌كات، چۆن بیه‌وێت. چونكه‌ وه‌ك له‌ش یه‌كه‌ و ئه‌ندامی زۆری هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌ندامانی له‌ش له‌گه‌ڵ زۆرییان یه‌ك له‌شن، مه‌سیحیش ئاوا. چونكه‌ هه‌موومان به‌ یه‌ك ڕووح بۆ یه‌ك له‌ش عه‌مادكراین، جوو یان یۆنانی، كۆیله‌ یان ئازاد، هه‌موومان یه‌ك ڕووحمان پێدرا بیخۆینه‌وه‌. چونكه‌ له‌شه‌كه‌ یه‌ك ئه‌ندام نییه‌ به‌ڵكو زۆره‌. ئه‌گه‌ر پێ بڵێت: “چونكه‌ ده‌ست نیم، هی له‌ش نیم”. ئایا ئیتر هی له‌ش نامێنێت؟ ئه‌گه‌ر گوێ بڵێت: “چونكه‌ چاو نیم، هی له‌ش نیم”. ئایا ئیتر هی له‌ش نامێنێت؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو له‌ش چاو بووایه‌، ئه‌ی كوا بیستن؟ ئه‌گه‌ر هه‌مووی بیستن بووایه‌، ئه‌ی كوا بۆنكردن؟ به‌ڵام ئێستا خودا ئه‌ندامانی دانا، هه‌ر یه‌كێك له‌ له‌شدا، وه‌ك ویستی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو یه‌ك ئه‌ندام بووایه‌، كوا له‌ش؟ جا ئێستا ئه‌ندام زۆرن، به‌ڵام له‌ش یه‌كه‌. چاو ناتوانێت به‌ ده‌ست بڵێت: “پێویستیم پێت نییه‌!”. یان سه‌ر به‌ پێیه‌كان بڵێت: “پێویستیم پێتان نییه‌!”. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ش كه‌ لاوازتر دیاره‌ ئه‌وا پێویسته‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ش كه‌ واده‌زانین ڕێزی كه‌متره‌، زیاتر ڕێزی بۆ داده‌نێین. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مایه‌ی ناشرینه‌كه‌ش جوانیه‌كی باشتری هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و جوانه‌كه‌ پێویستییان به‌وه‌ نییه‌. به‌ڵام خوداش له‌شی ڕێكخستووه‌، ڕێزی زیاتری داوه‌ته‌ ئه‌ندامی بێ ڕێز، تاكو دووبه‌ره‌كی له‌ له‌شدا نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌ندامه‌كان یه‌ك بایه‌خ به‌ یه‌كتری بده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ئازاری هه‌بوو، هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵیدا ئازار ده‌چێژن، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ڕێزی لێنرا، هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵیدا خۆشحاڵ ده‌بن. ئێوه‌ له‌شی مه‌سیحن، هه‌ریه‌كه‌تان ئه‌ندامی ئه‌ون. خودا له‌ وارگه‌دا خه‌ڵكێكی دانا: یه‌كه‌م په‌یامبه‌ران، دووه‌م پێغه‌مبه‌ران، سێیه‌م فێركاران، ئینجا په‌رجوكاری، دوای ئه‌وه‌ به‌هره‌كانی چاككردنه‌وه‌ و توانای یارمه‌تیدان و به‌ڕێوه‌بردن و جۆره‌ها زمان. ئایا هه‌موو په‌یامبه‌رن؟ هه‌موو پێغه‌مبه‌رن؟ هه‌موو فێركارن؟ هه‌موو په‌رجوكارن؟ هه‌موو به‌هره‌ی چاككردنه‌وه‌یان هه‌یه‌؟ هه‌موو به‌ زمانه‌كان ده‌دووێن؟ هه‌موو وه‌رده‌گێڕن؟ به‌ڵام تامه‌زرۆی به‌هره‌ی باشتر بن. ئێستاش ڕێگایه‌كی باشترینتان پیشان ده‌ده‌م.

یەکەم کۆرنسۆس 1:12-31 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خوشکان، برایان، نامەوێت بێ ئاگا بن لەبارەی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆزەوە. دەزانن کاتێک بتپەرست بوون، بەرەو بتە لاڵەکان ڕابەرایەتی و گومڕا کران. بۆیە بزانن کە کەس نییە بە ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نەفرەت لە عیسا،» کەسیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا پەروەردگارە،» بە ڕۆحی پیرۆز نەبێت. جۆرەها بەهرە هەیە، بەڵام هەمان ڕۆحە، جۆرەها خزمەت هەیە، بەڵام هەمان پەروەردگارە، جۆرەها کار هەیە، بەڵام هەمان خودایە، ئەوەی هەموو کارێک لە هەموواندا دەکات. بەڵام دەرکەوتنی بەهرەی ڕۆحی پیرۆز بۆ هەرکەسێک لە پێناو سوودمەندی گشتیی دەدرێت. جا یەکێک لە ڕێگەی ڕۆحەکەوە قسەی دانایی پێدەدرێت، بۆ یەکێکی دیکەش قسەی زانین بەگوێرەی هەمان ڕۆح. بۆ یەکێکی دیکەش باوەڕ بە هەمان ڕۆح، بۆ یەکێکی دیکە بەهرەی چاککردنەوە بە هەمان ڕۆح، یەکێکی دیکەش کاری پەرجوو، بۆ ئەوی دیکە ڕاگەیاندنی پەیامی خودا، بۆ ئەوی دیکە جیاکردنەوەی ڕۆحەکان، بۆ ئەوی دیکە جۆرەها زمانی ڕۆحی، بۆ یەکێکی دیکەش لێکدانەوەی زمانەکان. ئەمانە هەمووی کاری یەک ڕۆح و هەمان ڕۆحە، بۆ هەر یەکێک بە تایبەت دابەشی دەکات، چۆن بیەوێت. هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە، چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە. لەگەڵ ئەمەشدا لەشەکە یەک ئەندام نییە بەڵکو زۆرە. ئەگەر قاچ بڵێت: «لەبەر ئەوەی دەست نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ ئەگەر گوێ بڵێت: «لەبەر ئەوەی چاو نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ ئەگەر هەموو لەش چاو بووایە، ئەی کوا بیستن؟ ئەگەر هەمووی گوێ بووایە، ئەی کوا بۆنکردن؟ بەڵام ئێستا خودا ئەندامانی دانا، هەر یەکێک لە لەشدا، وەک ویستی. ئەگەر هەموو یەک ئەندام بووایە، کوا لەش؟ جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە. چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستیم پێت نییە.» یان سەر بە پێیەکان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییە.» بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو ئەندامەی لەش کە لاوازتر دیارە ئەوا پێویستە، ئەو ئەندامەی لەش کە وا دەزانین ڕێزی کەمترە، زیاتر ڕێزی بۆ دادەنێین. ئەو ئەندامەی مایەی شەرمەزاریمانە ڕێزی تایبەتی لێ دەگرین، بەڵام ئەو ئەندامانەی ڕێزدارن پێویستییان بەمە نییە. خوداش لەشی ڕێکخستووە، ڕێزی زیاتری داوەتە ئەندامی بێ ڕێز، تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان وەکو یەک بایەخ بە یەکتری بدەن. ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن. ئێوە لەشی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون. خودا لە کڵێسادا خەڵکێکی دانا: یەکەم جار نێردراوان، دووەم پێغەمبەران، سێیەم فێرکاران، ئینجا پەرجووکاری، دوای ئەوە بەهرەکانی چاککردنەوە و توانای یارمەتیدان و بەڕێوەبردن و جۆرەها زمانی ڕۆحی. ئایا هەموو نێردراون؟ هەموو پێغەمبەرن؟ هەموو فێرکارن؟ هەموو پەرجووکارن؟ هەموو بەهرەی چاککردنەوەیان هەیە؟ هەموو بە زمانەکان دەدوێن؟ هەموو لێک دەدەنەوە؟ بەڵام تامەزرۆی بەهرەی باشتر بن. ئێستاش باشترین ڕێگاتان پیشان دەدەم.