لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:14-40

یەکەم کۆرنسۆس 1:14-40 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌دوای خۆشویستن بكه‌ون، به‌ڵام تامه‌زرۆی به‌هره‌ ڕووحییه‌كان بن، به‌ تایبه‌تی پێشبینی. چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، قسه‌ بۆ خه‌ڵك ناكات، به‌ڵكو بۆ خودا، كه‌س لێی تێناگات، چونكه‌ به‌ ڕووح باسی نهێنی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وه‌ بۆ بنیادنان و ئامۆژگاری و دڵنه‌وایی خه‌ڵك ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، خۆی بنیاد ده‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وا وارگه‌ بنیاد ده‌نێت. ده‌مه‌وێ هه‌مووتان به‌ زمانه‌كان بدوێن، به‌ڵام باشتره‌ پێشبینی بكه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات مه‌زنتره‌ له‌وه‌ی به‌ زمانه‌كان ده‌دوێت، مه‌گه‌ر وه‌ریبگێڕێت، تاكو وارگه‌ بنیادنانی ده‌ست بكه‌وێت. ئێستاش برایان، ئه‌گه‌ر هاتمه‌ لاتان و به‌ زمانه‌كان دووام، چ كه‌ڵكێكم بۆتان ده‌بێت، مه‌گه‌ر به‌ ئاشكراكردن نه‌بێت به‌ زانینێك یان به‌ پێشبینییه‌ك یان به‌ فێركردنێك بۆتان بدوێم؟ ته‌نانه‌ت ئه‌و شته‌ بێ ڕووحانه‌ی ده‌نگ ده‌رده‌كه‌ن: شمشاڵ یان ته‌میره‌، ئه‌گه‌ر ئاوازی جیاواز نه‌دات، چۆن بزانرێت ئه‌وه‌ی ده‌ژه‌نرێت شمشاڵه‌ یان ته‌میره‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر كه‌ڕه‌نا ده‌نگێكی ڕوون نه‌دات، كێ بۆ جه‌نگ خۆی ئاماده‌ ده‌كات؟ ئێوه‌ش ئاوا، ئه‌گه‌ر به‌ زمان قسه‌یه‌كی ڕوون نه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی وتراوه‌ چۆن بزانرێت؟ چونكه‌ هه‌ر له‌ بادا ده‌دووێن! هه‌ڵبه‌ت له‌ جیهاندا جۆره‌ها زمان هه‌یه‌ و هیچیان بێ واتا نییه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ واتای زمانێك نه‌زانم، لای قسه‌كه‌ر ده‌بمه‌ بیانی، قسه‌كه‌ریش بیانیه‌ لای من، ئێوه‌ش ئاوا. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ به‌هره‌ی ڕووحی په‌رۆشن، داوا بكه‌ن بۆ بنیادنانی وارگه‌ لێی زیاد بكه‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، با نوێژ بكات تاكو وه‌ریبگێڕێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زمانێك نوێژ بكه‌م، ئه‌وا ڕووحم نوێژ ده‌كات، به‌ڵام هزرم بێ به‌روبوومه‌. كه‌واته‌ چییه‌؟ به‌ ڕووح نوێژ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها به‌ هزریشم نوێژ ده‌كه‌م. به‌ ڕووح په‌سنی ده‌ڵێم، هه‌روه‌ها به‌ هزریشم په‌سنی ده‌ڵێم. ئه‌گینا، ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح داڕشت بكه‌یت، چۆن یه‌كێكی ده‌ره‌وه‌ به‌ سوپاسكردنه‌كه‌ت بڵێت “ئامین” چونكه‌ نازانێت تۆ چی ده‌ڵێی! سوپاسكردنه‌كه‌ت باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیكه‌ بنیاد نانرێت. سوپاسی خودا ده‌كه‌م، له‌ هه‌مووتان زیاتر به‌ زمانه‌كان ده‌دوێم، به‌ڵام له‌ وارگه‌دا، پێنج وشه‌م له‌ هزردایه‌ بیڵێم، تاكو خه‌ڵكیش فێر بكه‌م، باشتره‌ له‌ ده‌ هه‌زار وشه‌ی به‌ زمانێک. برایان، له‌ بیركردنه‌وه‌دا منداڵ مه‌بن. له‌ خراپه‌دا وه‌ك منداڵ بن، به‌ڵام له‌ بیركردنه‌وه‌دا پێگه‌یشتوو بن. له‌ ته‌وراتدا نووسراوه‌: {په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ، به‌ زمانی بێگانه‌كان و به‌ لێوی نامۆكان قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گوێم لێ ناگرن} . كه‌واته‌ زمانه‌كان په‌رجوون، نه‌ك بۆ باوه‌ڕداران، به‌ڵكو بۆ بێباوه‌ڕان، به‌ڵام پێشبینی بۆ بێباوه‌ڕان نییه‌، به‌ڵكو بۆ باوه‌ڕدارانه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو وارگه‌ له‌ یه‌ك شوێن كۆبوونه‌وه‌ و هه‌موو به‌ زمانه‌كان بدوێن، هه‌ر نه‌زانێك یان بێباوه‌ڕێك بێته‌ ژووره‌وه‌، ئایا ناڵێت كه‌ ئێوه‌ وڕێنه‌ ده‌كه‌ن؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو پێشبینی بكه‌ن و یه‌كێكی بێباوه‌ڕ یاخود نه‌زان بێته‌ ژووره‌وه‌، له‌ ئاماده‌گی هه‌مووانه‌وه‌ ویژدانی سه‌رزه‌نشتی ده‌كات، له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ حوكم ده‌درێت، به‌مشێوه‌ نهێنییه‌كانی دڵی ئاشكرا ده‌بێت، به‌سه‌ر ڕوویدا ده‌كه‌وێت و كڕنۆش بۆخودا ده‌بات، ڕاده‌گه‌یه‌نی: به‌ ڕه‌وا خودا له‌نێوتاندایه‌! جا چییه‌ برایان؟ كاتێ كۆده‌بنه‌وه‌ هه‌ر یه‌كێك په‌سنیێكی هه‌یه‌، یان فێركردنێك یان ئاشكراكردنێكی زمانێك یان وه‌رگێڕانێک. با هه‌موو شتێك بۆ بنیادنان بێت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ زمانێك بدوێت، با دووان یان ئه‌وپه‌ڕی سێ كه‌س بێت و له‌دوای یه‌ك بدوێن، یه‌كێكیش وه‌ریبگێڕێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ نه‌بوو، با له‌ وارگه‌ بێده‌نگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پێشبینی ده‌گه‌ن با دوو یان سێ كه‌س بدوێن، ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یامێك بۆ یه‌كێك له‌ دانیشتووان ڕاگه‌یه‌نرا، با یه‌كه‌میان بێده‌نگ بێت. چونكه‌ هه‌مووتان ده‌توانن یه‌ك به‌ یه‌ك پێشبینی بكه‌ن، تاكو هه‌مووان فێربن و هه‌مووان دڵنه‌وایی بكرێن. ڕووحی پێغه‌مبه‌ران بۆ پێغه‌مبه‌ران ملكه‌چه‌، چونكه‌ خودا خودای شێواندن نییه‌، به‌ڵكو خودای ئاشتییه‌. وه‌ك له‌ هه‌موو وارگه‌كانی پارساكانه‌، با ژنه‌كانتان له‌ وارگه‌كاندا بێده‌نگ بن، چونكه‌ ڕێیان پێ نه‌دراوه‌ بدوێن، به‌ڵكو وه‌ك ته‌وراتیش ده‌فه‌رمووێ با ملكه‌چ بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستیان شتێك فێربن، با له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ مێرده‌كانیان بپرسن. چونكه‌ شوره‌ییه‌ بۆ ژن له‌ وارگه‌دا بدوێت. ئایا وشه‌ی خودا له‌ ئێوه‌وه‌ هاتووه‌؟ یان ته‌نها گه‌یشتۆته‌ ئێوه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌ پێشبین یان كه‌سێكی ڕووحی بزانێت، با بزانێت ئه‌وه‌ی بۆتانی ده‌نووسم ڕاسپارده‌ی په‌روه‌ردگاره‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك نه‌زان بێت، با هه‌ر نه‌زانێت! كه‌واته‌ برایان، تێبكۆشن بۆ پێشبینی و ڕێگری مه‌كه‌ن له‌ دووان به‌ زمانه‌كان. با هه‌موو شتێك به‌ دروستی و ڕێك بێت.

یەکەم کۆرنسۆس 1:14-40 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەدوای خۆشەویستی بکەون، تامەزرۆی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز بن، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا. ئەوەی بە زمانی ڕۆحی دەدوێت، قسە بۆ خەڵک ناکات، بەڵکو بۆ خودا، کەس لێی تێناگات، چونکە بە ڕۆحی پیرۆز باسی نهێنی دەکات. بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوە بۆ بنیادنان و هاندان و دڵنەوایی خەڵک دەدوێت. ئەوەی بە زمان دەدوێت، خۆی بنیاد دەنێت، بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوا کڵێسا بنیاد دەنێت. حەز دەکەم هەمووتان بە زمانەکان بدوێن، بەڵام باشترە پەیامی خودا ڕابگەیەنن. ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت گەورەترە لەوەی بە زمانەکان دەدوێت، مەگەر لێکی بداتەوە، تاکو کڵێسا بنیادنانی دەستبکەوێت. ئێستا ئەی خوشک و برایانم، ئەگەر هاتمە لاتان و بە زمانەکان دوام، چ سوودێکم بۆتان دەبێت، مەگەر بە ئاشکراکراوێک یان بە زانیارییەک یان بە پەیامێک لە خوداوە یان بە فێرکردنێک بۆتان بدوێم؟ تەنانەت ئەو شتە بێ ڕۆحانەی دەنگ دەردەکەن، شمشاڵ یان قیسارە، ئەگەر ئاوازی جیاواز نەدات، چۆن بزانرێت ئەوەی دەژەنرێت شمشاڵە یان قیسارەیە؟ ئەگەر کەڕەنا دەنگێکی ڕوون نەدات، کێ بۆ شەڕ خۆی ئامادە دەکات؟ ئێوەش ئاوا، ئەگەر بە زمان قسەیەکی ڕوون نەکەن، ئەوەی گوتراوە چۆن دەزانرێ؟ چونکە هەر لە هەوادا دەدوێن. بێگومان لە جیهاندا چەندین جۆر زمان هەیە و هیچیان بێ واتا نین. بۆیە ئەگەر لەو زمانە تێنەگەم کە قسەی پێ دەکرێت، بۆ قسەکەر دەبمە بەربەری، قسەکەریش بەربەرییە بۆ من، ئێوەش بە هەمان شێوەن. لەبەر ئەوەی بە پەرۆشن بۆ بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز، کەواتە هەوڵ بدەن لەو بەهرانە زیاد بکەن کە لە پێناوی بنیادنانی کڵێسایە. لەبەر ئەم هۆیە ئەوەی بە زمان دەدوێت، با نوێژ بکات تاکو لێکی بداتەوە، چونکە ئەگەر بە زمانێک نوێژ بکەم، ڕۆحم نوێژ دەکات، بەڵام مێشکم بێ بەروبوومە. کەواتە چی بکەم؟ بە ڕۆح نوێژ دەکەم، هەروەها بە مێشکیشم نوێژ دەکەم. بە ڕۆح گۆرانی دەڵێم، هەروەها بە مێشکیشم گۆرانی دەڵێم. ئەگینا، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز ستایشی خودا بکەیت، چۆن کەسێکی ناشارەزا بە سوپاسکردنەکەت بڵێت «ئامین»، کە نازانێت تۆ چی دەڵێی؟ سوپاسکردنەکەت باشە، بەڵام نابێتە مایەی بنیادنانی کەسێکی دیکە. سوپاسی خودا دەکەم کە لە هەمووتان زیاتر بە زمانەکان دەدوێم، بەڵام لە کڵێسادا، ئەو پێنج وشە ڕوونەی کە دەبێتە هۆی فێرکردنی خەڵکی، باشترە لە دە هەزار وشەی بە زمانێک. خوشکان، برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن. لە خراپەدا وەک منداڵ بێبەری بن، بەڵام لە بیرکردنەوەدا پێگەیشتوو بن. لە تەوراتدا نووسراوە: «یەزدان دەفەرموێ، «﴿بە زمانی بێگانەکان و بە لێوی نامۆکان قسە بۆ ئەم گەلە دەکەم، لەگەڵ ئەوەش گوێم لێ ناگرن.﴾» کەواتە زمانەکان نیشانەن، نەک بۆ باوەڕداران، بەڵکو بۆ بێباوەڕان، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ باوەڕدارانە. بۆیە ئەگەر کڵێسا هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوە و هەموو بە زمانەکان بدوێن، هەرکەسێکی ناشارەزا یان بێباوەڕێک بێتە ژوورەوە، ئایا ناڵێت کە ئێوە وڕێنە دەکەن؟ بەڵام ئەگەر هەموو پەیامی خودا ڕابگەیەنن و یەکێکی بێباوەڕ یاخود کەسێکی ناشارەزا بێتە ژوورەوە، لەبەردەم هەمووان ویژدانی تاوانباری دەکات، لەلایەن هەمووانەوە حوکم دەدرێت، نهێنییەکانی دڵی ئاشکرا دەبێت، کڕنۆش دەبات و خودا دەپەرستێت، ڕایدەگەیەنێت: «بەڕاستی خودا لەنێوتاندایە!» ئەی خوشک و برایان، ئیتر چی بڵێین؟ کاتێک کۆدەبنەوە هەر یەکێک لە ئێوە زەبوورێک، فێرکردنێک ئاشکراکردنێک، زمانێک یان لێکدانەوەیەکی هەیە. با هەموو شتێک بۆ بنیادنان بێت. ئەگەر کەسانێک بە زمانێک بدوێن، با دوو یان ئەوپەڕی سێ کەس بن و لەدوای یەک بدوێن، کەسێکیش لێکی بداتەوە. بەڵام ئەگەر لێکدەرەوە نەبوو، با لە کڵێسا بێدەنگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت. با دوو یان سێ پێغەمبەر بدوێن، ئەوانی دیکەش وتەکانیان هەڵبسەنگێنن. بەڵام ئەگەر ئاشکراکردنێک بۆ یەکێک لە دانیشتووان هات، با یەکەمیان بێدەنگ بێت، چونکە هەمووتان دەتوانن یەک بە یەک پەیامی خودا ڕابگەیەنن، تاکو هەموو فێربن و هانبدرێن. ڕۆحی پێغەمبەران بۆ پێغەمبەران ملکەچە، چونکە خودا خودای شێواندن نییە، بەڵکو خودای ئاشتییە. هەروەک لە هەموو کڵێساکانی گەلی پیرۆزی خودا، با ژنان لە کڵێساکاندا بێدەنگ بن، چونکە ڕێیان پێنەدراوە بدوێن، بەڵکو وەک تەوراتیش دەفەرموێ با ملکەچ بن. بەڵام ئەگەر ویستیان شتێک فێربن، لە ماڵەوە لە مێردەکانیان بپرسن، چونکە شورەییە بۆ ژن لە کڵێسادا بدوێت. ئایا پەیامی خودا لە ئێوەوە سەرچاوەی گرتووە، یان تەنها بۆ ئێوە هاتووە؟ ئەگەر یەکێک خۆی بە پێغەمبەر یان کەسێکی ڕۆحانی بزانێت، با باش بزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم ڕاسپاردەی مەسیحی باڵادەستە. بەڵام ئەگەر یەکێک پشتگوێی خست، با هەر پشتگوێ بخرێت. کەواتە خوشک و برایانم، تامەزرۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بن و ڕێگری مەکەن لە دوان بە زمانەکان. بەڵام با هەموو شتێک بە دروستی و ڕێکوپێکی بێت.