لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:6-20

یەکەم کۆرنسۆس 1:6-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌ یه‌كێكتان سكاڵایه‌كی له‌ یه‌كێكی دیكه‌ هه‌بوو، چۆن ده‌وێرێ له‌لای سته‌مكاران حوكمی بۆ بدرێت و لای پارسایان نه‌بێت؟ ئایا نازانن پارساكان جیهان حوكم ده‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ جیهان حوكم بده‌ن، ئایا شایسته‌ نین له‌ بچووكترینی شته‌كان حوكم بده‌ن؟ ئایا نازانن ئێمه‌ فریشته‌ش حوكم ده‌ده‌ین؟ چه‌نده‌ زیاتر شته‌كانی ئه‌م ژیانه‌ نا! جا ئه‌گه‌ر كێشه‌تان ده‌رباره‌ی ئه‌م ژیانه‌ هه‌بێت، ئایا ده‌یبه‌نه‌ لای ئه‌وانه‌ی له‌ وارگه‌دا گرنگ نین! تاكو شه‌رم بكه‌ن ئاوا ده‌ڵێم. ئایا یه‌كێكی داناتان تێدا نییه‌ بتوانێت دادوه‌ری له‌نێو برایانی بكات؟ به‌ڵام برا برای خۆی بۆ دادگا ده‌بات، ئه‌مه‌ش له‌لای بێباوه‌ڕان! ئێستا شوره‌ییه‌ بۆتان له‌نێوانتاندا سكاڵاكاری هه‌بێت. باشتر نه‌بوو سته‌ملێكراو بن؟ باشتر نه‌بوو فێڵلێكراو بن؟ به‌ڵام ئێوه‌ سته‌مكاری ده‌كه‌ن و فێڵ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ برایان! ئایا نازانن كه‌ سته‌مكاران نابنه‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا؟ هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: نه‌ داوێنپیس و نه‌ بتپه‌رست و نه‌ مێباز و نه‌ به‌دڕه‌وشت و نه‌ نێرباز، نه‌ دز و نه‌ چڵێس و نه‌ سه‌رخۆش و نه‌ جنێوده‌ر و نه‌ تاڵانكه‌ر نابنه‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا. جا هه‌ندێكتان ئاوا بوون. به‌ڵام شۆرانه‌وه‌، به‌ڵكو پارساكران، به‌ڵكو بێتاوان كران به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار و ڕووحی خوداوه‌ندمان. “هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌”، به‌ڵام هه‌موو شتێك به‌ سوود نییه‌. “هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌”، به‌ڵام هیچ شتێك به‌سه‌رمدا زاڵ نابێت. خواردن بۆ ورگه‌ و ورگیش بۆ خواردن، خوداش ئه‌م و ئه‌و له‌ناوده‌بات. به‌ڵام له‌ش بۆ داوێنپیسی نییه‌، به‌ڵكو بۆ په‌روه‌ردگاره‌، په‌روه‌ردگاریش بۆ له‌شه‌. خوداش په‌روه‌ردگاری هه‌ستانده‌وه‌ و به‌ هێزی خۆی ئێمه‌ش هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌. ئایا نازانن له‌شتان ئه‌ندامی مه‌سیحه‌؟ ئایا ئه‌ندامی مه‌سیح بكه‌مه‌ ئه‌ندامی داوێنپیسێک؟ حاشا! یاخود نازانن ئه‌وه‌ی خۆی به‌ داوێنپیسێك لكاندووه‌، له‌گه‌ڵی بووه‌ته‌ یه‌ك له‌ش؟ چونكه‌ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ك جه‌سته‌} . به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆی به‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ده‌لكێنێت، ئه‌وا بوونه‌ به‌ یه‌ك ڕووح. له‌ داوێنپیسی هه‌ڵبێن. هه‌ر گوناهێك مرۆڤ بیكات، له‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌شه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوێنپیسی ده‌كات ئه‌وا دژی له‌شی خۆی گوناه‌ ده‌كات. یاخود نازانن كه‌ له‌شتان په‌رستگای ڕووحی پارسا‌یه‌ كه‌ له‌ ئێوه‌دایه‌ و له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌ هه‌تانه‌؟ ئێوه‌ش هی خۆتان نین، چونكه‌ ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون. جا به‌ له‌شتان و به‌ ڕووحتان خودا شكۆدار بكه‌ن كه‌ هی خودایه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 1:6-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کە یەکێکتان سکاڵایەکی لە یەکێکی دیکە هەبوو، چۆن دەوێرێ کێشەکەی بباتە لای بێباوەڕان بۆ ئەوەی ئەوان حوکمی بۆ بدەن و لای گەلی پیرۆزی خودا نەبێت؟ ئایا نازانن گەلی خودا جیهان حوکم دەدەن؟ ئەگەر ئێوە حوکم بەسەر جیهاندا بدەن، ئایا شایستە نین حوکم بەسەر بچووکترین شتدا بدەن؟ ئایا نازانن ئێمە حوکم بەسەر فریشتەکاندا دەدەین؟ چەندە زیاتر حوکم بەسەر شتەکانی ئەم ژیانە دەدەین؟ جا ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەدا کێشەتان هەبێت، ئایا دەیبەنە لای دادوەری بێباوەڕ کە کڵێسا پەسەندیان ناکەن؟ من ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی شەرم بکەن. ئایا یەکێکی داناتان تێدا نییە بتوانێت دادوەری لەنێو برایانی بکات؟ بەڵام برا برای خۆی بۆ دادگا دەبات، لەبەردەم بێباوەڕان ئەمە دەکات! لە ڕاستیدا شورەییە بۆتان لەنێوتاندا سکاڵا لە یەکتر بکەن. باشتر نەبوو زۆرلێکراو بن؟ باشتر نەبوو فێڵلێکراو بن؟ بەڵام ئێوە زۆرداری و فێڵ دەکەن، تەنانەت لە خوشک و برایانیشتان! ئایا ئێوە نازانن کە زۆرداران نابنە میراتگری شانشینی خودا؟ هەڵمەخەڵەتێن. نە بەڕەڵا و نە بتپەرست، نە داوێنپیس و نە هاوڕەگەزباز، نە دز و نە چاوچنۆک، نە سەرخۆش و نە جنێوفرۆش و نە تاڵانکەر، نابنە میراتگری شانشینی خودا. جا هەندێکتان بەم شێوەیە بوون. بەڵام شۆرانەوە و پیرۆز کران و بێتاوان کران بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕۆحی خودامان. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هیچ شتێک بەسەرمدا زاڵ نابێت. «خواردن بۆ ورگە و ورگیش بۆ خواردن،» کەچی خودا هەردووکیان لەناودەبات. بەڵام جەستە بۆ داوێنپیسی نییە، بەڵکو بۆ مەسیحی خاوەن شکۆیە و مەسیحیش بۆ جەستەیە. خوداش مەسیحی خاوەن شکۆی هەستاندەوە و بە هێزی خۆی ئێمەش هەڵدەستێنێتەوە. ئایا نازانن لەشتان ئەندامی جەستەی مەسیحە؟ ئایا ئەندامی جەستەی مەسیح بکەمە ئەندامی لەشفرۆشێک؟ نەخێر! یاخود نازانن ئەوەی خۆی بە لەشفرۆشێکەوە نووساندووە، لەگەڵی بووەتە یەک جەستە؟ چونکە دەفەرموێ: ﴿هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾ بەڵام ئەوەی لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ یەکبگرێت، لەگەڵی دەبێ بە یەک ڕۆح. لە داوێنپیسی ڕابکەن. هەر گوناهێک مرۆڤ بیکات، لە دەرەوەی جەستەیە، بەڵام ئەوەی داوێنپیسی دەکات ئەوا لە دژی جەستەی خۆی گوناه دەکات. یاخود نازانن کە لەشتان پەرستگای ڕۆحی پیرۆزە کە لە ئێوەدایە و لەلایەن خوداوەیە هەتانە؟ ئێوەش هی خۆتان نین، چونکە ئێوە بە نرخێک کڕاون. جا بە جەستەتان ڕێزی خودا بگرن.