لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 12:6-20

یەکەم کۆرنسۆس 12:6-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

“هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌”، به‌ڵام هه‌موو شتێك به‌ سوود نییه‌. “هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌”، به‌ڵام هیچ شتێك به‌سه‌رمدا زاڵ نابێت. خواردن بۆ ورگه‌ و ورگیش بۆ خواردن، خوداش ئه‌م و ئه‌و له‌ناوده‌بات. به‌ڵام له‌ش بۆ داوێنپیسی نییه‌، به‌ڵكو بۆ په‌روه‌ردگاره‌، په‌روه‌ردگاریش بۆ له‌شه‌. خوداش په‌روه‌ردگاری هه‌ستانده‌وه‌ و به‌ هێزی خۆی ئێمه‌ش هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌. ئایا نازانن له‌شتان ئه‌ندامی مه‌سیحه‌؟ ئایا ئه‌ندامی مه‌سیح بكه‌مه‌ ئه‌ندامی داوێنپیسێک؟ حاشا! یاخود نازانن ئه‌وه‌ی خۆی به‌ داوێنپیسێك لكاندووه‌، له‌گه‌ڵی بووه‌ته‌ یه‌ك له‌ش؟ چونكه‌ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ك جه‌سته‌} . به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆی به‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ده‌لكێنێت، ئه‌وا بوونه‌ به‌ یه‌ك ڕووح. له‌ داوێنپیسی هه‌ڵبێن. هه‌ر گوناهێك مرۆڤ بیكات، له‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌شه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوێنپیسی ده‌كات ئه‌وا دژی له‌شی خۆی گوناه‌ ده‌كات. یاخود نازانن كه‌ له‌شتان په‌رستگای ڕووحی پارسا‌یه‌ كه‌ له‌ ئێوه‌دایه‌ و له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌ هه‌تانه‌؟ ئێوه‌ش هی خۆتان نین، چونكه‌ ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون. جا به‌ له‌شتان و به‌ ڕووحتان خودا شكۆدار بكه‌ن كه‌ هی خودایه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 12:6-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هیچ شتێک بەسەرمدا زاڵ نابێت. «خواردن بۆ ورگە و ورگیش بۆ خواردن،» کەچی خودا هەردووکیان لەناودەبات. بەڵام جەستە بۆ داوێنپیسی نییە، بەڵکو بۆ مەسیحی خاوەن شکۆیە و مەسیحیش بۆ جەستەیە. خوداش مەسیحی خاوەن شکۆی هەستاندەوە و بە هێزی خۆی ئێمەش هەڵدەستێنێتەوە. ئایا نازانن لەشتان ئەندامی جەستەی مەسیحە؟ ئایا ئەندامی جەستەی مەسیح بکەمە ئەندامی لەشفرۆشێک؟ نەخێر! یاخود نازانن ئەوەی خۆی بە لەشفرۆشێکەوە نووساندووە، لەگەڵی بووەتە یەک جەستە؟ چونکە دەفەرموێ: ﴿هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾ بەڵام ئەوەی لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ یەکبگرێت، لەگەڵی دەبێ بە یەک ڕۆح. لە داوێنپیسی ڕابکەن. هەر گوناهێک مرۆڤ بیکات، لە دەرەوەی جەستەیە، بەڵام ئەوەی داوێنپیسی دەکات ئەوا لە دژی جەستەی خۆی گوناه دەکات. یاخود نازانن کە لەشتان پەرستگای ڕۆحی پیرۆزە کە لە ئێوەدایە و لەلایەن خوداوەیە هەتانە؟ ئێوەش هی خۆتان نین، چونکە ئێوە بە نرخێک کڕاون. جا بە جەستەتان ڕێزی خودا بگرن.