لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:9-27

یەکەم کۆرنسۆس 1:9-27 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئایا په‌یامبه‌ر نیم؟ ئایا سه‌ربه‌ست نیم؟ ئایا ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمانم نه‌بینیوه‌؟ ئایا ئێوه‌ ئه‌نجامی كاری من نین له‌ په‌روه‌ردگاردا؟ ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵك په‌یامبه‌ر نه‌بم، بۆ ئێوه‌ په‌یامبه‌رم! چونكه‌ ئێوه‌ له‌ په‌روه‌ردگاردا مۆری په‌یامبه‌ریه‌تیی منن. بۆ ئه‌وانه‌ی لێم ده‌كۆڵنه‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌ به‌رگریم: ئایا ده‌سه‌ڵاتی خواردن و خواردنه‌وه‌مان نییه‌؟ ئایا مافمان نییه‌ خوشكێك بكه‌ینه‌ هاوسه‌رمان، وه‌ك په‌یامبه‌رانی دیكه‌ و برایانی په‌روه‌ردگار و كیپه‌؟ یاخود ته‌نها من و به‌رنڤا ئه‌و مافه‌مان نییه‌، ده‌بێت هه‌ر ئیش بكه‌ین؟ كێ هه‌بووه‌ به‌ خه‌رجی خۆی سه‌ربازی كردبێت؟ كێ ڕه‌زێك ده‌چێنێت و له‌ به‌روبوومه‌كه‌ی ناخوات؟ یان كێ شوانایه‌تی مێگه‌لێك ده‌كات و له‌ شیره‌كه‌ی ناخوات؟ ئه‌م قسانه‌ وه‌ك مرۆڤ ده‌كه‌م؟ ئایا ته‌وراتیش ئه‌مانه‌ ناڵێت؟ چونكه‌ له‌ ته‌وراتی مووشێ نووسراوه‌: {له‌ كاتی گێره‌كردن ده‌می گا مه‌گره‌} . ئایا خودا بایه‌خ به‌ گا ده‌دات؟ ئایا به‌ ته‌واوی له‌ پێناوماندا نه‌یووتووه‌؟ به‌ڵێ، له‌ پێناوی ئێمه‌دا نووسراوه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌كێڵێت پێویسته‌ به‌ هیواوه‌ بكێڵێت، ئه‌وه‌ی گێره‌ ده‌كات به‌ هیوای به‌شداربوونه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ شتی ڕووحیمان بۆتان چاندووه‌، ئایا زۆره‌ ئه‌گه‌ر شتی ماددی له‌ ئێوه‌ بدروینه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی دیكه‌ مافی پشتگیرییان له‌سه‌رتانه‌، ئایا ئێمه‌ له‌پێشتر نین؟ به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م مافه‌مان به‌كارنه‌هێنا، به‌ڵكو به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرین، نه‌وه‌ك كۆسپ دابنێین بۆ ئینجیلی مه‌سیح. ئایا نازانن ئه‌وانه‌ی ڕاژه‌ی په‌رستگا ده‌كه‌ن له‌ شته‌كانی په‌رستگا ده‌خۆن، ئه‌وانه‌ی ڕاژه‌ی قوربانگاش ده‌كه‌ن له‌ قوربانگادا به‌شدارن؟ ئاواش په‌روه‌ردگار فه‌رمانی داوه‌: ئه‌وانه‌ی ئینجیل ڕاده‌گه‌یێنن گوزه‌رانیان له‌ ئینجیله‌. به‌ڵام من شتێكم له‌مه‌ به‌كارنه‌هێناوه‌. ئه‌مانه‌ش نانووسم، تاكو بۆ من ئاوا بێت، چونكه‌ مه‌رگم باشتره‌ له‌وه‌ی یه‌كێك شانازیم پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر موژده‌ بده‌م شانازیم نییه‌، چونكه‌ پێویسته‌ و خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆم. وه‌ی به‌حاڵم ئه‌گه‌ر موژده‌ نه‌ده‌م! چونكه‌ ئه‌گه‌ر خۆبه‌خش ئه‌وه‌ بكه‌م، ئه‌وا پاداشت ده‌كرێم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ناچاری بێت، ئه‌وا متمانه‌ی بریكاریه‌تیم دراوه‌تێ. ئیتر پاداشتم چییه‌؟ ئه‌وه‌یه‌ كاتێ موژده‌ ده‌ده‌م، به‌خۆڕایی موژده‌ی ئینجیلتان پێ ده‌به‌خشم، ته‌نانه‌ت له‌ ئینجیلدا مافی خۆم به‌كارنه‌هێنا. كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مووان سه‌ربه‌ستم، خۆم كرده‌ كۆیله‌ی هه‌مووان تاكو زیاتریان ببه‌مه‌وه‌. بۆ جوو خۆم وه‌ك جوو لێكرد، تاكو جوو ببه‌مه‌وه‌. بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ته‌وراتن وه‌ك له‌ ژێر ته‌ورات، تاكو ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ته‌وراتن بیانبه‌مه‌وه‌. بۆ ئه‌وانه‌ی بێ ته‌وراتن، وه‌ك بێ ته‌روات بم هه‌رچه‌نده‌ بێ ته‌وراتی خودا نیم، به‌ڵكو له‌ ژێر یاسای مه‌سیحدام تاكو ئه‌وانه‌ی بێ ته‌وراتن بیانبه‌مه‌وه‌. بۆ لاوازان بوومه‌ لاواز، تاكو لاوازه‌كان ببه‌مه‌وه‌. بۆ هه‌مووان بوومه‌ هه‌موو شتێک، تاكو به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك ڕزگار بكه‌م. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ پێناوی ئینجیلدا ده‌كه‌م، تاكو تیایدا به‌شداربم. ئایا نازانن هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ گۆڕه‌پان ڕاده‌كه‌ن، هه‌موو ڕاده‌كه‌ن، به‌ڵام ته‌نها یه‌كێك خه‌ڵات ده‌كرێت؟ كه‌واته‌ ڕابكه‌ن تاكو به‌ ده‌ستی بهێنن. هه‌ر یه‌كێك ململانێ بكات له‌ هه‌موو شتێك خۆ ڕاده‌گرێت. ئه‌وانه‌ تاكو تاجێكی له‌ناوچوو به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام هی ئێمه‌ له‌ناو نه‌چووه‌. كه‌واته‌ ڕاده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك یه‌كێك ئامانجی نه‌بێت، بۆكسێن ده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك له‌ هه‌وا بده‌م. به‌ڵكو له‌گه‌ڵ له‌شم توند ده‌بم و ده‌یكه‌مه‌ كۆیله‌، نه‌وه‌ك دوای ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ موژده‌م داوه‌، خۆم ڕه‌ت بكرێمه‌وه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 1:9-27 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئایا سەربەست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای خاوەن شکۆمانم نەبینیوە؟ ئایا ئێوە ئەنجامی ئەو کارە نین کە یەزدان لە ڕێگەی منەوە کردوویەتی؟ ئەگەر هاتوو بۆ خەڵکی دیکە نێردراو نەبم، ئەوا بۆ ئێوە نێردراوم، چونکە ئێوە مۆری نێردراویێتی منن لە مەسیحدا. بۆ ئەوانەی دادوەریم دەکەن ئەمەیە بەرگریم: ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟ ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس؟ یاخود تەنها من و بەرناباس ئەو مافەمان نییە، دەبێت هەر ئیش بکەین؟ کێ هەبووە بە خەرجی خۆی سەربازیی کردبێت؟ کێ ڕەزێک دەچێنێت و لە بەروبوومەکەی ناخوات؟ یان کێ شوانایەتی مێگەلێک دەکات و لە شیرەکەی ناخوات؟ ئەم قسانە وەک مرۆڤ دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئەمانە ناڵێت؟ چونکە لە تەوراتی موسا نووسراوە: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.﴾ ئایا خودا بایەخ بە گا دەدات؟ بێگومان لە پێناو ئێمە وای فەرمووە، مەگەر نە؟ بەڵێ، لە پێناوی ئێمەدا نووسراوە، چونکە ئەوەی دەکێڵێت پێویستە بە هیواوە بکێڵێت، ئەوەی گێرە دەکات بەو هیوایە دەیکات کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەبێت. ئەگەر ئێمە شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووە، ئایا زۆرە ئەگەر شتی ماددی لە ئێوە بدروینەوە؟ ئەگەر خەڵکی دیکە مافی پشتگیرییان لەسەرتانە، ئایا ئێمە لەپێشتر نین؟ بەڵام ئەم مافەمان بەکارنەهێنا، بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، نەوەک کۆسپ بخەینە بەردەم مزگێنیی مەسیح. ئایا نازانن ئەوانەی خزمەتی پەرستگا دەکەن لە شتەکانی پەرستگا دەخۆن، ئەوانەی خزمەتی قوربانگاش دەکەن لە قوربانگادا بەشدارن؟ بە هەمان شێوە مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمانی داوە، ئەوانەی کە مزگێنی ڕادەگەیەنن گوزەرانیان لەسەر مزگێنییە. بەڵام هیچ یەکێک لەم مافانەم بەکارنەهێناوە. ئەوانەش نانووسم، تاکو بۆ من ئاوا بێت، چونکە مردنم باشترە لەوەی یەکێک شانازیم پووچەڵ بکاتەوە. ئەگەر مزگێنی بدەم شانازیم نییە، لەبەر ئەوەی پێویستە و خراوەتە ئەستۆم. قوڕبەسەرم ئەگەر مزگێنی نەدەم! ئەگەر خۆبەخش ئەوە بکەم، ئەوا پاداشت دەکرێم. بەڵام ئەگەر بە ناچاری بێت، ئەوا متمانەی بریکاریەتیم دراوەتێ. ئیتر پاداشتم چییە؟ ئەوەیە کاتێک مزگێنی دەدەم، بەخۆڕایی مزگێنی بدەم و داوای مافی تەواوی خۆم وەکو مزگێنیدەر نەکەم. هەرچەندە سەربەستم و سەر بە هیچ کەسێک نیم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زۆر کەس بۆ مەسیح بەدەستبهێنم. بۆ جولەکە خۆم وەک جولەکە لێکرد، تاکو جولەکە بەدەستبهێنم. بۆ ئەوانەی لەژێر سایەی شەریعەتن، خۆم وەک کەسێک لێکرد کە لەژێر سایەی شەریعەتدا بێت، هەرچەندە لەژێر سایەی شەریعەتدا نیم، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە لەژێر سایەی شەریعەتن. بۆ ئەوانەی بێ شەریعەتن، خۆم وەک بێ شەریعەت لێکرد، هەرچەندە بێ شەریعەتی خودا نیم، بەڵکو لەژێر سایەی شەریعەتی مەسیحدام، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە بێ شەریعەتن. بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان بەدەستبهێنم. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک بێت هەندێک ڕزگار بکەم. هەموو ئەمانە لە پێناوی پەیامی ئینجیلدا دەکەم، تاکو تێیدا بەشدار بم. ئایا نازانن هەموو ئەوانەی لە گۆڕەپان ڕادەکەن، هەموو ڕادەکەن، بەڵام تەنها یەکێک خەڵات دەکرێت؟ کەواتە ڕابکەن تاوەکو خەڵاتەکە بەدەستبهێنن. هەر یەکێک ململانێ بکات لە هەموو شتێک خۆ ڕادەگرێت. ئەوانە تاکو تاجێکی لەناوچوو بەدەستبهێنن، بەڵام هی ئێمە لەناو نەچووە. کەواتە ڕادەکەم نەک وەکو یەکێک ئامانجی نەبێت، بۆکسێن دەکەم نەک وەک لە هەوا بدەم. بەڵکو لەگەڵ لەشم توند دەبم و دەیکەمە کۆیلە، نەوەک لەدوای ئەوەی بۆ خەڵکی دیکە جاڕم داوە، خۆم ڕەت بکرێمەوە.