لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم یۆحەنا 1:1-10

یەکەم یۆحەنا 1:1-10 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستپێكدا بوو، ئه‌وه‌ی گوێمان لێیبوو، ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆمان بینیمان، ئه‌وه‌ی ته‌ماشامان كرد و ده‌ستمان پێی كه‌وت، سه‌باره‌ت به‌ وشه‌ی ژیان ژیانه‌كه‌ ده‌ركه‌وت، ژیانی جاویدانیمان بینی و گه‌واهیی ده‌ده‌ین و بۆتانی ڕاده‌گه‌یێنین، ئه‌وه‌ی له‌لای باوک بوو و بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی بینیمان و بیستمان پێتانی ڕاده‌گه‌یێنین، تاكو ئێوه‌ش له‌گه‌ڵمان هاوبه‌شیتان هه‌بێت. هاوبه‌شی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ باوک و ڕۆڵه‌كه‌یه‌تی، ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌مانه‌ ده‌نووسین تاكو شادیتان ته‌واو بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌واڵه‌یه‌ كه‌ له‌ومان بیست و پێتانی ڕاده‌گه‌یێنین: خودا ڕووناكییه‌، هیچ تاریكی تێدا نییه‌. ئه‌گه‌ر بڵێین: هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ و به‌ تاریكیدا بڕۆین، ئه‌وا درۆ ده‌كه‌ین و ڕه‌وا ناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ڕووناكیدا بڕۆین، وه‌ک ئه‌و له‌ ڕووناكیدایه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ یه‌كتری هاوبه‌شیمان هه‌یه‌ و خوێنی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ هه‌موو گوناهێک بێگه‌ردمان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بڵێین: گوناهمان نییه‌، ئه‌وا خۆمان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین و ڕه‌وا له‌ ئێمه‌دا نییه‌. ئه‌گه‌ر دانمان به‌ گوناهه‌كانمان نا، ئه‌وا ئه‌و سه‌رڕاست و دادپه‌روه‌ره‌، ته‌نانه‌ت له‌ گوناهه‌كانمان خۆشده‌بێت و له‌ هه‌موو تاوانێک بێگه‌ردمان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بڵێین: گوناهمان نه‌كردووه‌، ئه‌وا به‌ درۆزنی داده‌نێین و وشه‌كه‌ی له‌ ئێمه‌دا نییه‌.

یەکەم یۆحەنا 1:1-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئێمە ئەمە ڕادەگەیەنین سەبارەت بە وشەی ژیان، ئەوەی لە سەرەتاوە بوو، ئەوەی گوێمان لێی بوو، ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان، ئەوەی تەماشامان کرد و دەستمان لێیدا. ژیانەکە دەرکەوت، ئێمە بینیومانە و شایەتی بۆ دەدەین، ژیانە هەتاهەتاییەکەتان بۆ ڕادەگەیەنین، ئەو ژیانەی کە لەلای باوکی ئاسمانی بوو و بۆ ئێمە دەرکەوت. ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی هاوبەشمان هەبێت، پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی. ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت. ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکییەکی تێدا نییە. ئەگەر بڵێین لەگەڵیدا پێکەوە دەژین و بە تاریکیدا بڕۆین، ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین، بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین، هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە، ئەوا پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە. ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە، ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە. ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە. ئەگەر بڵێین گوناهمان نەکردووە، ئەوا بە درۆزنی دادەنێین و پەیامەکەی لە ئێمەدا نییە.