لۆگۆی ئەپی پەرتووکی پیرۆز
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 1:30-12 - بەراوردکردنی هەموو وەشەنەکان

دووەم پوختەی مێژوو 1:30-12 KSS (كوردی سۆرانی ستانده‌رد)

حەزقیا ناردی بەدوای هەموو خەڵکی ئیسرائیل و یەهودا، هەروەها نامەشی بۆ ئەفرایم و مەنەشە نووسی هەتا بێنە پەرستگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بگێڕن. پاشا و سەرکردەکانی و هەموو کۆمەڵەکە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان دا کە لە مانگی دوو جەژنی پەسخە بگێڕن، چونکە نەیانتوانی لە کاتی خۆیدا بیکەن، لەبەر ئەوەی هێشتا کاهینەکان بە تەواوەتی خۆیان تەرخان نەکردبوو، گەلیش لە ئۆرشەلیم کۆنەببوونەوە. ئینجا پلانەکە لەبەرچاوی پاشا و هەموو کۆمەڵەکە پەسەند بوو. بڕیاریان دا لەناو هەموو ئیسرائیل لە بیری شابەعەوە هەتا دان بانگەواز بکەن، بۆ ئەوەی بێن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بگێڕن، چونکە زۆر دەمێک بوو وەک ئەوەی نووسراوە نەیانکردبوو. بە فەرمانی پاشا پەیامبەرەکان بە نامەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی بەناو هەموو ئیسرائیل و یەهودا گەڕان و بەپێی فەرمانی پاشا دەیانگوت: «ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە لای یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، بۆ ئەوەی ئەویش بگەڕێتەوە لای ئەوانەی لێتان ماونەتەوە و لە چنگ پاشاکانی ئاشور دەربازبوون. وەک باوباپیرانتان و براکانتان مەبن، ئەوانەی ناپاکییان لەگەڵ یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان کرد، هەروەک دەبینن ئەویش وای کرد خەڵک بتۆقێت لەوەی بەسەر ئەوان هاتووە. ئێستا وەک باوباپیرانتان کەللەڕەقی مەکەن، بەڵکو ملکەچ بن بۆ یەزدان و بچنە ناو پیرۆزگاکەیەوە، ئەوەی هەتاهەتایە تەرخانی کردووە. یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بۆ ئەوەی گڕی تووڕەییەکەی لە ئێوە دابمرکێتەوە. ئەگەر ئێوە بۆ لای یەزدان بگەڕێنەوە، ئەوا برا ئیسرائیلی و منداڵەکانتان لەلایەن ڕاپێچکەرانیان بەزەییان پێیاندا دێتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان میهرەبان و بە بەزەییە. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان ئەویش ڕەتتان ناکاتەوە.» پەیامبەرەکان شار بە شار دەگەڕان، لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە هەتا زەبولون، بەڵام خەڵکی پێیان پێدەکەنین و گاڵتەیان پێ دەکردن. هەرچەندە هەندێک کەس لە ئاشێر و مەنەشە و زەبولون خۆیان نزم کردەوە و چوونە ئۆرشەلیم. هەروەها خودا پشتگیری یەهودای کرد، یەک دڵی پێ بەخشین، هەتا بە فەرمانی پاشا و سەرکردەکان بکەن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان.