لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 11:36-21

دووەم پوختەی مێژوو 11:36-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی خراپەکاری کرد، لەبەردەم یەرمیا پێغەمبەر خۆی نزم نەکردەوە کە بە فەرمایشتی یەزدان ئاگاداری کردەوە. هەروەها لە نەبوخودنەسری پاشا هەڵگەڕایەوە پاش ئەوەی بە خودا سوێندی دا، جا کەللەڕەقی کرد و دڵی کرد بە بەرد لە ئاست گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. تەنانەت هەموو کاهینە باڵاکان و گەل ناپاکی زۆریان کرد بەپێی هەموو نەریتە قێزەونەکانی نەتەوەکان، ئەو پەرستگایەی یەزدانیان گڵاوکرد کە یەزدان لە ئۆرشەلیمدا تەرخانی کردبوو. یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەردەوام لە ڕێگەی نێردراوەکانییەوە پەیامی بۆ دەناردن، چونکە بەزەیی بە گەلەکەی و بە ماڵەکەیدا هاتەوە. بەڵام گاڵتەیان بە نێردراوەکانی خودا کرد و نرخیان بۆ وشەکانی ئەو دانەنا و سووکایەتییان بە پێغەمبەرەکانی کرد، هەتا تووڕەیی یەزدان لە گەلەکەی ورووژا، بە ڕادەیەک کە چارەسەر نەبوو. ئیتر پاشای بابلییەکانی ناردە سەریان و لە پیرۆزگاکەیاندا گەنجەکانی ئەوانی بە شمشێر کوشت و بەزەیی بە کوڕ و کچی گەنج و پیر و ڕیش سپیدا نەهاتەوە، بەڵکو هەموویانی دا بە دەستی نەبوخودنەسرەوە. هەموو قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا لە گەورە و بچووک، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان، گەنجینەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی، هەمووی بۆ بابل هێنا. پەرستگای خودایان سووتاند و شووراکەی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند و هەموو کۆشکەکانیان سووتاند و هەموو قاپوقاچاغە بەهادارەکانیان لەناوبرد. ئەوانەی مانەوە و بە شمشێر نەکوژران، ڕاپێچی کردن بۆ بابل، جا بۆ خۆی و بۆ کوڕەکانی بوون بە خزمەتکار هەتا کاتی بەهێزبوونی شانشینی فارس. زەوییەکە بە تەواوی پشووی دا؛ لە ماوەی کاولبوونیدا پشووی دا هەتا تەواوبوونی حەفتا ساڵ، بەمەش فەرمایشتەکەی یەزدان هاتە دی کە لەسەر زاری یەرمیا فەرمووبووی.