لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 1:11-33

دووەم کۆرنسۆس 1:11-33 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هیوادارم به‌رگه‌ی هه‌ندێک گێلایه‌تی من بگرن! هه‌رچه‌نده‌ به‌رگه‌شم ده‌گرن. دڵگه‌رمییه‌كی خوداییانه‌ دڵگه‌رمیم بۆتان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ یه‌ک پیاو نیشانم كردن، تاكو وه‌ک پاكیزه‌یه‌كی بێگه‌رد پێشكه‌شی مه‌سیحتان بكه‌م. به‌ڵام ده‌ترسم، وه‌ک ماره‌كه‌ حه‌وای به‌ فێڵه‌كه‌ی خه‌ڵه‌تاند، هزری ئێوه‌ش له‌و ساكاریه‌ بۆ مه‌سیح چه‌واشه‌ بكرێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک بێ و ئیشۆعێكی دیكه‌ ڕابگه‌یه‌نێت جیاواز له‌وه‌ی ڕامانگه‌یاند، یان ڕووحێكی دیكه‌ وه‌رگرن جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، یان ئینجیلێكی دیكه‌ جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، ئه‌وا باش به‌رگه‌ ده‌گرن. وا ده‌زانم هیچم له‌و په‌یامبه‌ره‌ به‌رزانه‌ كه‌متر نییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ قسه‌كردن زمان پاراو نیم، خۆ زانینم هه‌یه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ هه‌ر لایه‌ک و له‌ هه‌موو شتێک بۆ ئێوه‌مان ده‌رخست. یاخود گوناهم كردووه‌ كه‌ خۆم نزم كرده‌وه‌ تاكو ئێوه‌ به‌رز ببنه‌وه‌، چونكه‌ به‌خۆڕایی موژده‌ی ئینجیلی خودام بۆ ڕاگه‌یاندن؟ وارگه‌كانی دیكه‌م تاڵان كرد كه‌ خه‌رجیم لێیان وه‌رگرت له‌پێناوی ڕاژه‌كه‌تان. كه‌ له‌گه‌ڵتان بووم و پێویستیم هه‌بوو، قورساییم نه‌خسته‌ سه‌ر كه‌س، چونكه‌ برایان له‌ ماقیدۆنیاوه‌ هاتن پێویستییه‌كانی منیان پڕكرده‌وه‌. له‌ هه‌موو شتێكدا خۆم پاراست تا قورسایی نه‌خه‌مه‌ سه‌رتان، خۆشمی لێ ده‌پارێزم. وه‌ک ڕه‌وای مه‌سیح له‌ مندایه‌، له‌ ناوچه‌كانی ئه‌خائیه‌ ئه‌م شانازیه‌م لێ ناسه‌ندرێته‌وه‌. بۆچی؟ ئایا چونكه‌ ئێوه‌م خۆشناوێت؟ خودا ده‌زانێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م، وا ده‌یكه‌م، تاكو هه‌لی هه‌ڵپه‌رستان ببڕم كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ریبخه‌ن له‌وه‌ی شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئه‌وان وه‌ک ئێمه‌ن. چونكه‌ ئه‌مانه‌ په‌یامبه‌ری درۆزنن، كارگه‌ری فێڵبازن، خۆیان بۆ شێوه‌ی په‌یامبه‌ری مه‌سیح ده‌گۆڕن. سه‌یر نییه‌، چونكه‌ شه‌یتان خۆی بۆ شێوه‌ی فریشته‌ی ڕووناكی ده‌گۆڕێت! كه‌واته‌ شتێكی گه‌وره‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر ڕاژه‌وانانی خۆیان بۆ شێوه‌ی ڕاژه‌وانی خوداناسی بگۆڕن. دواڕۆژیان به‌گوێره‌ی كرداریان ده‌بێت. دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌. كه‌س به‌ گێلم نه‌زانێت. ئه‌گینا وه‌ک گێلێک په‌سه‌ندم بكه‌ن، تاكو منیش تۆزێک شانازی بكه‌م. له‌م بوێریه‌دا بۆ شانازیكردن، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم به‌گوێره‌ی په‌روه‌ردگار نییه‌، به‌ڵكو وه‌ک له‌ گێلایه‌تی بێت. كه‌ زۆر كه‌س به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ شانازی ده‌كه‌ن، منیش شانازی ده‌كه‌م. كه‌ به‌ شادییه‌وه‌ به‌رگه‌ی گێله‌كان ده‌گرن، چونكه‌ خۆتان ئه‌وه‌نده‌ دانان! چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک ئێوه‌ بكاته‌ كۆیله‌ به‌رگه‌ ده‌گرن! ئه‌گه‌ر یه‌كێک بتانخوات! ئه‌گه‌ر یه‌كێک بۆ خۆی بتانقۆزێته‌وه‌! ئه‌گه‌ر یه‌كێک خۆی به‌رز بكاته‌وه‌! یاخود ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌ ڕووتان بدات! به‌رگه‌ ده‌گرن! بۆ شه‌رمه‌زاریم، پێویسته‌ بڵێم سه‌باره‌ت به‌مه‌ چه‌ند لاواز بووین! له‌ چی ئه‌وان ئازان به‌ گێلایه‌تی ده‌ڵێم منیش تیایدا ئازام. ئایا ئه‌وان عیبڕانین؟ منیش. ئایا ئیسڕائیلین؟ منیش. ئایا نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من؟ منیش. ئایا ڕاژه‌وانی مه‌سیحن؟ وه‌ک مێشک تێكچووێک ده‌ڵێم من باشترم. من زیاتر ڕه‌نجم داوه‌، له‌ لێدان زیاتر، له‌ زیندان‌ زیاتر، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌رگ زۆر جار. جوو پێنج جار چل قامچی كه‌م یه‌كیان لێداوم، سێ جار داركاری كراوم، جارێک به‌ردباران كراوم، سێ جار له‌ كه‌شتیدا بووم و شكاوه‌، شه‌و و ڕۆژێكم له‌ قووڵایی ده‌ریادا به‌سه‌ربرد. له‌ گه‌شتی زۆردا، كه‌وتوومه‌ته‌ مه‌ترسی لافاو و مه‌ترسی چه‌ته‌، مه‌ترسی گه‌له‌كه‌م و مه‌ترسی نه‌ته‌وه‌كان، مه‌ترسی له‌ شار و مه‌ترسی له‌ ده‌شت، مه‌ترسی له‌ ده‌ریا و مه‌ترسی برایانی درۆزن، به‌ ڕه‌نجدان و ماندووبوون، به‌ بێداریی زۆر، به‌ برسیێتی و تینوێتی، به‌ ڕۆژووگرتنی زۆر، به‌ سه‌رما و ڕووتی. ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌لایه‌ك: ڕۆژ به‌ ڕۆژ گرنگیدان به‌ هه‌موو وارگه‌كان له‌سه‌رم كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت. كێ لاواز ده‌بێ‌ و من لاواز نابم؟ كێ كه‌وتۆته‌ گوناه‌ و من ناسووتێم؟ ئه‌گه‌ر شانازی پێویست بێت، ئه‌وا به‌ شته‌كانی لاوازیم شانازی ده‌كه‌م. خودا، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ پیرۆز ده‌كرێت ده‌زانێت درۆ ناكه‌م. له‌ دره‌مسوق، فه‌رمانڕه‌واكه‌ی ئاریتاسی پاشا پاسه‌وانی شاری دره‌مسوقییه‌كانیان ده‌كرد، بۆ گرتنم. به‌ڵام له‌نێو سه‌به‌ته‌دا و له‌ په‌نجه‌ره‌ی شووراكه‌ منیان شۆڕكرده‌وه‌ و له‌ ده‌ستی ڕزگار بووم.

دووەم کۆرنسۆس 1:11-33 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هیوادارم بەرگەی هەندێک گێلایەتی من بگرن، هەرچەندە بەرگەشم دەگرن. بە ئیرەییەکی خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، چونکە لە پیاوێک نیشانم کردن، تاکو وەک پاکیزەیەکی پاک پێشکەشی مەسیحتان بکەم. بەڵام دەترسم، وەک مارەکە حەوای بە فێڵەکەی هەڵخەڵەتاند، بیری ئێوەش لەو دڵسۆزی و پاکییە بۆ مەسیح چەواشە بکرێت، چونکە ئەگەر یەکێک بێت و عیسایەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی ڕامانگەیاند، یان ڕۆحێکی دیکە وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرت، یان مزگێنییەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی وەرتانگرت، ئەوا بە ئاسانی وەریدەگرن. پێم وایە هیچم لەو «نێردراوە بەرزانە» کەمتر نییە. ئەگەر لە قسەکردندا زمان پاراو نەبم، خۆ زانیاریم هەیە، بەڵکو لە هەر لایەک و لە هەموو شتێک بۆ ئێوەمان دەرخست. یاخود گوناهم کردووە کە خۆمم نزم کردەوە تاکو ئێوە بەرز بنەوە، چونکە بەخۆڕایی مژدەی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟ کڵێساکانی دیکەم تاڵان کرد کە خەرجیم لێیان وەرگرت بۆ خزمەتەکەتان. کاتێک لەگەڵتان بووم و پێویستیم هەبوو، نەبوومە بار بۆ کەس، چونکە برایان لە مەکدۆنیاوە هاتن پێویستییەکانی منیان پڕکردەوە. لە هەموو شتێکدا خۆمم پاراست بۆ ئەوەی بارگرانی نەخەمە سەرتان و بەردەوام خۆمی لێ دەپارێزم. بە دڵنیاییەوە، هەروەک ڕاستی مەسیح لە مندایە، لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازیەم لێ ناسەنرێتەوە. بۆچی؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت خۆشمدەوێن. بەڵام ئەوەی دەیکەم، وا دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەڵپەرستان ببڕم کە شانازی دەکەن و دەیانەوێت دەریبخەن گوایا ئەوان وەک ئێمەن، چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن. سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات. کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆیان لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخەن. دواڕۆژیان بەگوێرەی کرداریان دەبێت. دیسان دەیڵێمەوە: کەس بە گێلم نەزانێت، بەڵام ئەگەر بە گێلم دەزانن ئەوا وەک گێلێک بەرگەم بگرن، بۆ ئەوەی منیش تۆزێک شانازی بکەم. بە متمانەوە شانازی دەکەم، نەک بەو شێوەیەی کە مەسیحی باڵادەست قسە دەکات، بەڵکو وەک لە نەزانییەوە بێت. لەبەر ئەوەی زۆر کەس بەگوێرەی بنەمای جیهان شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، منیش شانازی دەکەم. لەبەر ئەوەی خۆتان ئەوەندە دانان، بە شادییەوە بەرگەی گێلەکان دەگرن. لە ڕاستیدا، ئەگەر یەکێک ئێوە بکاتە کۆیلە بەرگە دەگرن، ئەگەر یەکێک ماڵتان بخوات، ئەگەر یەکێک قۆرختان بکات بۆ خۆی، ئەگەر یەکێک خۆی بە گەورەتر بزانێت لە ئێوە، یاخود ئەگەر یەکێک لە ڕووتان بدات، بەرگە دەگرن! بە شەرمەزارییەوە دان بەوەدا دەنێم کە چەند لاواز بووین! هەرچییەک ئەوان دەوێرن شانازی پێوە بکەن، هەروەها منیش دەوێرم، دەزانم کە گێلانە قسە دەکەم. ئایا ئەوان عیبرانین؟ منیش. ئایا ئیسرائیلین؟ منیش. ئایا نەوەی ئیبراهیمن؟ منیش. ئایا خزمەتکاری مەسیحن؟ من باشترم، بەڵام وەک شێتێک قسە دەکەم. من زۆر زیاتر لەوان ڕەنجم کێشاوە، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر خراپتر دارکاری کراوم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە. جولەکەکان بە قامچی پێنج جار چل قامچی کەم یەکیان لێداوم، سێ جار دارکاری کراوم، جارێک بەردباران کراوم، سێ جار لە کەشتیدا بووم و شکاوە، شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا بەسەربرد. بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە تووشی مەترسی ڕووبار و چەتە بووم، مەترسی لە گەلەکەم و نەتەوەکانی دیکە، مەترسی لە شار و لە دەشت، مەترسی لە دەریا، مەترسی لە خوشک و برایانی درۆزن، بە ڕەنجدان و ماندووبوون، بە شەونخونی زۆر، بە برسیێتی و تینووێتی، بە ڕۆژووگرتنی زۆر، بە سەرما و ڕووتی. ئەمانە هەموو لەلایەک، ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخدان بە هەموو کڵێساکان لەسەرم کەڵەکە دەبێت. کێ لاوازە و من لەگەڵی لاواز نابم؟ کێ کەوتووەتە گوناه و من ناسووتێم؟ ئەگەر پێویست بە شانازیکردن بکات، ئەوا بەو شتانەوە شانازی دەکەم کە لاوازیم دەردەخەن. خودا، باوکی عیسای خاوەن شکۆ ئەوەی هەتاهەتایە ستایش دەکرێت دەزانێت درۆ ناکەم. لە دیمەشق، فەرمانڕەوایەکەی ئاریتاسی پاشا پاسەوانی شاری دیمەشقیان دەکرد، بۆ گرتنم. بەڵام لەناو سەبەتەدا و لە پەنجەرەی شوورای شارەکەوە منیان شۆڕکردەوە و لە دەستی ڕزگارم بوو.