لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پاشایان 22:9-30

دووەم پاشایان 22:9-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک یۆرام یێهوی بینی، لێی پرسی: «یێهو، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «هەتا بتپەرستی و جادووگەری ئیزابێلی دایکت بەردەوام بێت، چۆن ئاشتی فەراهەم دەبێت؟» یۆرام ڕووی وەرگێڕا و هەڵات، هاواری بۆ ئەحەزیا کرد: «ئەحەزیا، ناپاکییە!» یێهوش کەوانەکەی ڕاکێشا و تیرێکی لەنێو شانەکانی یۆرام دا. تیرەکە لە دڵییەوە هاتە دەرەوە، لەناو گالیسکەکەی کەوت. یێهو بە بیدقەری ئەفسەری گالیسکەکانی گوت: «هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی. لەبیرت بێت کاتێک من و تۆ پێکەوە بەدوای ئەحاڤی باوکیدا سواری گالیسکە بووین، یەزدان ئەم سروشەی سەبارەت بەو ڕاگەیاند: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دوێنێ خوێنی ناڤۆتی یەزرەعیلی و کوڕەکانیم بینی، لەم زەوییەدا تۆڵەت لێ دەکەمەوە، ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“ ئێستاش بەپێی فەرمایشتی یەزدان هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکە.» کاتێک ئەحەزیای پاشای یەهودا ئەمەی بینی، بە ڕێگای بێت‌هەگان هەڵات. یێهو ڕاوی نا و گوتی: «ئەویش بکوژن!» ئەوانیش لە هەورازەکەی گور ئەوەی لەلای یەڤلەعامە لەناو گالیسکەکەی لێیاندا. بەڵام بۆ مەگیدۆ هەڵات و لەوێ مرد. خزمەتکارەکانیشی بەرەو ئۆرشەلیم تەرمەکەیان سواری گالیسکەیەک کرد و لەوێ لە گۆڕەکەیدا لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان. لە ساڵی یازدەیەمینی پاشایەتی یۆرامی کوڕی ئەحاڤ، ئەحەزیا ببوو بە پاشای یەهودا. ئینجا یێهو هاتە یەزرەعیل، ئیزابێلیش ئەمەی بیستەوە و کلی لە چاوەکانی کرد، پرچی ڕێکخست و لە پەنجەرەکەوە تەماشای خوارەوەی کرد.