دووەم ساموئێل 1:19-7
دووەم ساموئێل 1:19-7 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
پاشان بە یۆئاب ڕاگەیەنرا: «پاشا دەگریێت و شیوەن بۆ ئەبشالۆم دەگێڕێت.» ئەو ڕۆژە سەرکەوتنەکە لەلای هەموو سوپا بووە شیوەن، چونکە سەربازەکان لەو ڕۆژەدا گوێیان لێبوو گوترا: «پاشا بۆ کوڕەکەی دڵتەنگ بووە.» جا لەو ڕۆژەدا سەربازەکان وەک سوپایەکی شەرمەزاری هەڵاتوو لە جەنگدا بەدزییەوە گەڕانەوە ناو شارەکە. پاشاش ڕووی خۆی داپۆشی و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! ئەبشالۆم کوڕەکەم، کوڕەکەم!» ئینجا یۆئاب لە ماڵی پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «ئەمڕۆ ڕووی هەموو خزمەتکارەکانت شەرمەزار کرد، ئەوانەی لەم ڕۆژەدا دەربازکەری ژیانی خۆت و ژیانی کوڕ و کچ و ژن و کەنیزەکانت بوون. ئەوانەی ڕقیان لێت دەبێتەوە خۆشت دەوێن، ئەوانەش کە تۆیان خۆشدەوێت ڕقت لێیان دەبێتەوە. ئەمڕۆ دەرتخست کە تۆ سەرکردە و خزمەتکارەکانت بەلاوە هیچ نییە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ زانیم ئەگەر ئەبشالۆم زیندوو بووایە و ئێمە هەموومان بمردبووینایە ئەوسا کارەکەت بە دڵ دەبوو. ئێستاش هەستە و بڕۆ دەرەوە دڵی خزمەتکارەکانت بدەوە، چونکە بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر نەچیتە دەرەوە، ئەمشەو کەس لەگەڵت نامێنێتەوە، ئەوەش لە هەموو ئەو خراپانەی لە گەنجییەوە هەتا ئێستا تووشت بوون خراپتر دەبێت لەسەرت.»